مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی پیرۆزباییان لە سەدر کرد

مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی پیرۆزباییان لە سەدر کرد

سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆک وەزیران نێچیرڤان بارزانی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی پیرۆزباییان لە ‌رێبەری رەوتی سەدر کردووە، بەبۆنەی سەرکەوتنی ھاوپەیمانی سائیروون وەک لیستی یەکەمی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
 

لە راگەیێندراوێکدا کە نووسینگەی موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر بڵاوی کردووتەوە،رایگەیاندووە: "بەڕێز مەسعود بارزانی و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی سەرکەوتنی لیستەکەمانیان کردووە و باسمان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردووە".

لەلایەن خۆشییەوە سەماحەتی موقتەدا سەدر، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنییە دەربڕی کە بە بۆنەی سەرکەوتنیەوە بۆی کراوە، لە خوداش دەپاڕێینەوە پەیوەندی برایانەی گەلی عێراق بەتین بکات و خۆشەویستی لەنێوان سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق بچەسپێنێت.

لیستی سائیروون کە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە بۆ ئەم هەڵبژاردنە درستکرا بەپێی ئەنجامە بەراییەکان زۆرینەی دەنگەکانی لە عێراق بەدەستهێناوە و لەهەوڵدایە بۆ ئەوەی بە هاوپەیمانییەک حکومەتی داهاتووی عێراق بگرێتە دەست.

لەلایەکی دیکەوە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، زۆرترین کورسییەکانی هەرێمی کوردستانی بەدەستهێناوە و لە پارێزگای نەینەواش لیستی دووەمە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە