پەیامی کورد... دەستبەسەرکرانی شەش هاووڵاتی لە پیرانشار
لانیکەم شەش هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی عەبدولڕەحمان قەیتەران، سەدرەدین قەیتەران، خزر محەممەدپوور و حەبیب خۆشنوود، جەمال ڕەسوڵزادە و محەممەد مەحموود فەقیە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (١١ی ژوئەنی ٢٠٢٣) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار هەڵیانکوتایە سەر گوندی "کانی مەلا"ی سەر بە شاری پیرانشار و دوو برایان بە ناوەکانی عەبدولڕەحمان و سەدرەدین قەیتەران دەستبەسەر کردووە.
هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەستبەسەرکردنی دانیشتووانی گوندی "کانی مەلا"ی پیرانشار، ڕۆژی یەکشەممە، خزر محەممەدپوور و حەبیب خۆشنوود لە گوندی "ئاشنوزەنگ"ی ئەم شارە دەستبەسەر کراون.
لە هەمان کاتدا جەمال ڕەسووڵزادە و محەممەد مەحموود فەقیە، دوو دانیشتووی گوندی "خۆرینج" سەر بە شاری پیرانشار دەستبەسەر کراون.
ئەو هاووڵاتییانە بە شێوەیەکی دڕندانە و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە، هەروەها شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە