پەیامی کورد ... دەیان چەکداری سووری و بیانی داعش لە باغۆز خۆیان ڕادەستی هێزەکانی هەسەدە کردووە
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات " هەسەدە " ڕایگەیاند، دەیان چەکداری سووری و بیانی داعش لە باغۆز خۆیان ڕادەستی هێزەکانیان کردووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات " هەسەدە " لە ڕاگەیندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، دوێنێ شەممە دەیان چەکداری سووری و بیانی داعش لە ناوچەی باغۆز چەکەکانیان داناوە و خۆیان ڕادەستی شەڕڤانان کردووە.
هەروەها دەڵێت، "هەڵمەتی هێزەکانمان لەهاوکاری هاوپەیمانان لە دژی چەکدارانی داعش لە باغۆز بەردەوامە، چەکدارانی داعش گورزی سەختیان بەرکەوتوە، دوێنێش بەدەیان چەکداری داعش لەگەڵ خێزانەکانیان خۆیان ڕادەست کردووین".
هێزەکانی سووریای دیموکرات " هەسەدە " چاوەڕوانن سەرکەوتنیان بەسەر خەلافەتەکەی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی داعشدا ڕابگەینن، بەڵام واپێدەچێت مۆڵگەیەکی بچوکی گەمارۆدراو کە کەوتوەتە نێو ناوچەیەکی چۆڵەوە لە کەناراوەکانی ڕووباری فورات تا ئێستاکە کۆتایی نەهاتبێت.
سەرەڕای ئەوەی باغۆز دوایین ناوچەی نیشتەجێبونە كە تا ئێستا لەژێر دەسەڵاتی چەكدارانی داعشدا ماوە، بەڵام جێگەی هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ ناوچەكانی دەوروبەری كە چالاكی تووندڕەویان تێدا ئەنجامدەدات.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە