پەیامی کورد... دیندار زێباری بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە تاوانەکانی داعش دەکات
ڕۆژی ١٠/٦/٢٠٢٢ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) بە هاوکاری نێردەی هەمیشەیی عێراق لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات بە ناونیشانی (شێوازی کوشتنی بە کۆمەڵ - تاوانەکانی داعش لە عێراق و شام، سپایکەر وەک نموونە).
سەبارەت بە بۆنە و کۆبوونەوە پەیوەندیدارەکان، د. دیندار زێباری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی هەماهەنگیکاری نیشتمانی عێراقی بۆ هەماهەنگی کردن لەگەڵ یونیتاد (NCC) وتی: لە دوای هێرشەکانی داعش و ئەو تاوانانەی دژی پێکهاتەکان ئەنجامیدا، بەتایبەتی دژی کوردانی ئێزدی، لە کوشتن و ڕفاندن و ئاوارەبوون. حکومەتی هەرێم سەرەڕای پێشوازی کردن لە سەدان هەزار ئاوارە، هەوڵیدا ڕفێندراوەکان لە دەست تیرۆریستان ڕزگار بکات لە هەمان کاتدا لیژنەیەکی دامەزراند کە ئەرکی بریتییە لە بە دۆکیۆمێنت کردنی تاوانەکانی داعش و بە جینۆساید ناساندنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
لە بارەی گرنگی بەشداریی هەرێم لەم بۆنەیەدا، د. دیندار زێباری وتی: لە چوارچێوەی هەماهەنگیمان لەگەڵ یونیتاد، بەشدار دەبین لەم جۆرە چالاکیانەدا، چونکە بەشی هەرە زۆری قوربانییەکان تا ئێستاش لە هەرێمی کوردستان ئاوارەن، هەروەها لە شەڕەکانی ئازادکردنی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش، هێزی پێشمەرگە قوربانی زۆری داوە، لەوانەش (١، ٨٠٠) شەهید و (١٠، ٣٦٩) بریندار و (٤٧) بێ سەر و شوێن لە هێزەکانی پێشمەرگە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ ئەوەی لەڕووی یاساییەوە هاوکاری قوربانیانی دەستی داعش و کەسوکاریان بکرێت، لە لایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێم بە پشتگیری یونیتاد پرۆژە یاسایەکی پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش و دادگاییکردنیان لەژێر ڕۆشنایی تاوانی نێودەوڵەتی، چونکە ئەو تاوانانەی داعش ئەنجامی داون بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ و جینۆساید هەژمار دەکرێن. بەداخەوە کە دادگای باڵای فیدراڵی پرۆژە یاساکەی ڕەت کردەوە کە ئەمەش پێشینەیەکی نوێ بوو. لێرەدا بە پێویستی دەزانین ڕێگری لەم پرۆژە یاسایە نەکرێت بۆ ئەوەی تیرۆریستان دادگایی بکرێن و کەسوکاری قوربانیان قەرەبوو بکرێنەوە.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ دۆکیۆمێنتکردن تاوانەکانی داعش و ڕایگەیاند، لە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (٥,١٧٠) دۆسیە تۆمارکراوە، لەوانە زیاتر لە (٢٣٢٤) دۆسیە لە دادگاکان تەواو کراوە و (٢٠٠٠) تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان، هەروەها (٢٩١٦) دۆسیە بە بێسەروشوێن تۆمارکراوە و زیاتر لە (٧٣,٩١٢) لاپەڕەی بۆ ئەو تاوانانە ئەرشیف کراوە.
سەبارەت بە ڕزگارکردنی ڕفێندراوانیش، د. دیندار ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ ڕزگارکردنی ڕفێنراون و دوای ئازادکردنیان پێداویستیەکانیان دابین دەکات. لەم ڕووەوە تا ٢٢/٢/٢٠٢٢، (٣٥٥٢) ڕفێندراو ڕزگار کراون، لەوانە (١٢٠٧) ئافرەت، (٣٣٩) پیاوان، (١٠٥٠) کچ، (٩٥٦) کوڕ. هەروەها بەپێی ڕێککەوتنێکی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئەڵمانیا، زیاتر لە (١٠٠٠) ئافرەتی ڕزگاربوو ڕەوانەی ئەڵمانیا کراون بۆ چارەسەرکردن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە