پەیامی کورد... دوو مامۆستای ئایینی لەرۆژهەڵاتی كوردستان ڕفێنران
مامۆستا ئیبراهیم کەریمیی نەنەڵە و مامۆستا لوقمان ئەمینی، دوو مامۆستای ئایینیی خەڵکی شاری جوانڕۆ و پێش نوێژی دوو مزگەوتی شاری سنە، لە جادەی نێوان سنە - مەریوان و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراون.
لەمبارەیەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە :مامۆستا ئیبراهیم کەریمیی نەنەڵە هاوکات لەگەڵ مامۆستا لوقمان ئەمینی، لە جادەی نێوان سنە - مەریوان و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو مامۆستا ئایینییە پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراون، ئەو هێزانە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی مامۆستا ئیبراهیم کەریمیی نەنەڵە و ماڵەکەیان بەتەواوەتی پشکنیوە.
تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر بارودۆخ، شوێن و دۆخی ڕاگیرانی ئەو دوو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.
شایانی باسە کە مامۆستا ئیبراهیم کەریمیی نەنەڵە، پێشنوێژی مزگەوتی "نەنەڵە"ی شاری سنە و مامۆستا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی "چواریار نەبی"ی ئەو شارە، لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوو و کاتی ڕاپەڕینی جەماوەریی کوردستان، لە وتارەکانیان و چەندین جاریش بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامە پاڵپشتیی خۆیانیان لە ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵک دەربڕیوە و سەرکوتی هاووڵاتییان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ئیدانە و مەحکووم کردووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە