12 هاندەری یانەی ئامەدسپۆر لەسەر سروودی تورکیا دەستگیردەکرێن

12 هاندەری یانەی ئامەدسپۆر لەسەر سروودی تورکیا دەستگیردەکرێن

پەیامی کورد... 12 هاندەری یانەی ئامەدسپۆر لەسەر سروودی تورکیا دەستگیردەکرێن


لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان، 12 هاندەری یانەی ئامەدسپۆر بەبیانووی رێزنەگرتن لە سروودی نیشتمانیی تورکیا دەستگیرکران.

رۆژی یەکشەممە یارییەکانی خولی پلە دووی تورکیا دەستیانپێکرد، یانەی ئامەدسپۆر لە یەکەم یارییدا لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی سووری خولەکەدا بەرامبەر یانەی دەنیزلی سپۆر یارییکرد و یانەکەی باکووری کوردستان یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە و یەکەم سێ خاڵی لە رکابەرییەکەدا بەدەستهێنا.

بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە سروودی نیشتمانیی تورکیا لێدرا، پۆلیسی ئامەد بەبیانووی ئەوەی کە لەکاتی لێدانی سروودەکەدا لەسەر پێ نەوەستاون و رێزیان لە سروودەکە نەگرتووە 12 هاندەری یانەی ئامەدسپۆری دەستگیرکرد و تاوەکو ئێستاش چارەنووسیان یەکلانەکراوەتەوە.

ئەمە جاری یەکەم نییە هاندەرانی ئامەدسپۆر دەستگیردەکرێن، پێشتریش بە چەند هۆکارێکی جیاواز ژمارەیەک هاندەری یانەکە دەستگیرکراون، کە وەرزی رابردوو 6 هاندەریان بەهۆی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستانەوە دەستگیرکرابوون.

وەرزی رابردوو یانەی ئامەدسپۆر لە خولەکەدا رووبەڕووی بەربەستی زۆر بووەوە، لە ژمارەیەک یاریگەی جیاوازی تورکیا رەگەزپەرستی لە دژی یاریزانان و هاندەرانی یانەکە بەکارهێنرا و گرژی و ئاڵۆزی روویدا.

هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆرت لە ماوەی 7 ساڵی رابردوودا نەیتوانیووە لە یارییەکانی دەرەوەی یاریگەی خۆیان پاڵپشتیی یانەکەیان بکەن.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە