پەیامی کورد... یەکێتی ئەورووپا سەپاندنی کۆمەڵێک سزای دیکە بەسەر ڕووسیادا پەسەند دەکات
بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا جۆسێپ بۆڕێڵ وتی یەکێتییەکە بۆ چوارەمین جار سەپاندنی سزای دیکەی بەسەر ڕووسیادا پەسەند کردووە، ئەوەش بەهۆی داگیرکەرییەکەی مۆسکۆوە لە ئۆکراینا.
دەنگی ئەمریکا بڵاوی کردەوە کە لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ باکووری مەقدۆنیا، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا جۆسێپ بۆڕێڵ ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی بە ئامانج کردنی هاووڵاتییانی مەدەنی لە شەڕەکەیدا دژی ئۆکراینا، ئاماژەی بەوەشدا " بە تەنیا لە شاری ماریوپۆڵی گەمارۆدراو زیاتر لە ٢٤٠٠ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە: " جەنگەکەی پووتین تەنیا لەسەر ئۆکراینا نییە، لەسەر ئاسایش و سەقامگیری کیشوەری ئەورووپایە. کار دەکاتە سەر هەموومان." ئاماژەشی بەوەدا کۆمەڵێک سزای دیکە دەسەپێندرێن بەسەر پۆڵا و خەڵووز و کەرتەکانی وزەی ڕووسیادا، هەروەها سزا دەسەپێندرێت بەسەر تواناکانی ڕووسیادا بۆ بە ئەندامبوونی لە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکاندا.
ئەوەشی خستووەتە ڕوو: " ئەمە لێدانێکی گەورەی دیکەیە لە ئابووری ڕووسیا و ئەو داراییەی کە کریملین پشتی پێ بەستووە لە داگیرکارییەکەیدا." بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە