پەیامی کورد... فراکسیۆنی پارتی هۆشداری دەداتە سەرۆکی پەرلەمان
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا هۆشداری بە سەرۆکی پەرلەمان دا و ڕایگەیاند، ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکانی پەرلەمان دەست پێ نەکاتەوە و حیزبێک بیەوێت پەرلەمان پەک بخات؛ ئەوا زۆرینەی پەرلەمانیی پارتی بە کار دەهێنین.
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکە گوتی: هەڵبژاردن مافێکی گەلی کوردستانە و هیچ لایەنێکی سیاسی مافی ئەوەی نییە ئەو مافە زەوت بکات، پێشتر لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆ بووینەتەوە و ڕامانگەیاندووە، کە پارتی لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆی ئەنجام بدرێت.
گوتیشی: کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی کوردستان لە 3ی دیسەمبەری 2019ەوە تەمەنی یاسایی خۆی کۆتایی هاتووە، بۆیە داوامان کردووە، فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆبوونەوەی لەسەر بکەن، بۆ کاراکردنەوەی ئەم کۆمیسیۆنە ڕای خۆمان ڕاگەیاندووە، کە پێویستە چۆن ئەم کۆمیسیۆنە لە 2013 لەسەر بنەمای ئیستیحقاقی هەڵبژاردن دروست کرا، هەر بەو جۆرە بەگوێرەی ئیستیحقاقی دوایین هەڵبژاردن بێت، کە هەڵبژاردنی 2018یە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاشکرای کرد، تا ئێستا زۆرینەی پەرلەمانیان بۆ ئەو بابەتە بەکارنەهێناوە، بەڵام بە پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان، هەڵوێستییان دەبێت، ئاماژەی بەوەش کرد، نە هەولێر بەغدایە، نە پەرلەمانی کوردستان ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، کە یەک لەسەر سێی دانیشتنەکان پەک بخات.
ئاشکراشی کرد، سەرۆکی پەرلەمان لە دانیشتنی 13ی ئادار، لایەنگری لایەنێکی سیاسی کرد، لە کاتێکدا لە بیری چووە، کە ئەو بە زۆرینەی دەنگی پارتی بووەتە سەرۆکی پەرلەمان، بۆیە پیادەنەکردنی دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان لە دیارینەکردنی دانیشتنی پەرلەمان و پەکخستنی، بە بیانووی ئەوەی هێزەکەی ئەو، داوایەکی هەیە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن، ئەمە بیانوویەکە لە دەرەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و یاسا بەرکارەکان.
زانا مەلا خالید ڕوونیکردەوە، پێویستە دانیشتنەکانی بەردەوام بێت، بە زووترین کات، سەرۆکی پەرلەمان پەرلەمانتاران بانگهێشت بکات و دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت، پێویستە ئەو یاداشتانەی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە، لەبارەی دۆخی ئابووری و نەگەڕانەوەی داهات لە بەشێکی خاڵە سنوورییەکان، بخرێنە بەرنامەی کارەوە.
ڕوونیشکردەوە، نە هەولێر بەغدایە، نە پەرلەمانی کوردستانیش ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، بیانەوێت بە یەک لەسەر سێی پەکخەر دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان و پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پەک بخەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە وادەی دیاریکراوی خۆی ئەنجام بدرێت، لاری لە پرۆژەی هیچ لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵام داوا دەکەین بخرێتە بەرنامەی کار، ڕێکاری یاسایی خۆی وەربگرێت و خوێندنەوەی بۆ بکرێت، ئێمەش ئامادەی گفتوگۆین، بۆ ئەوەی لەسەر خاڵی هاوبەش ڕێک بکەوین، لە پێناوەی ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی باسی لەوە کرد، پارتی تەنیا یەک جار زۆرینەی پەرلەمانی بەکارهێناوە، بەڵام ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکانی پەرلەمان دەست پێ نەکاتەوە و حیزبێک بیەوێت پەرلەمان پەک بخات؛ ئەوا زۆرینەی پەرلەمانیی پارتی بە کار دەهێنین، فەرزی ئیرادە لە هیچ لایەنێکی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان قبووڵکراو نابێت.
باسی لەوەش کرد، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڤیتۆی لەسەر پرۆژەیاسای هیچ لایەنێک نییە، بەڵام نابێت ئەو پرۆژەیاسایانە هەر لە چوارچێوەی ڕاگەیاندنەکان بمێنێتەوە و بە فەرمی پێشکەشی پەرلەمان نەکرێت، پێویستە ئەوانەی پرۆژەیاسایان هەیە، سەرۆکی پەرلەمان بیخانە بەرنامەی کارەوە و گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە