سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەر و پێکدادان لە نێوان سوپای پاسداران و یەکێک لە حزبە کوردییەکانی دژبە ئێران لە سنوورەکانی مەریوان ڕووی دا.
بەپێی هەواڵ و زانیارییەکان ، ئەو تێکهەڵچوونە لە کاتژمێر ٢ تا ٤ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە " ٢١ جوڵای ٢٠١٨ " لە دەورووبەری دەرێ و نەشکاش ڕووی داوە.
بە پێی ئەو هەواڵ و زانیاریانە ، لەو تێکهەڵچوونەدا ١١ کەس لە هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراون و ٥ کەسی دیکەش بریندار بوون، دوو کەس لە کوژراوان خەڵکی شاری قوروە سەر بە پارێزگای سنە بوون.
تا ئێستا هیچ حزبێک بەرپرسیاریەتی ئەو تێکهەڵچوونەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام لە ڕۆژانی ڕابردوو گەریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و پێشمەرگەکانی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە مەریوان لەگەڵ سوپای پاسداران شەر و تێکهەڵچوونیان هەبووە.
دوای ئەم پێکدادانە ، شاری مەریوان بە شێوەیەکی چڕ میلیتاریزە کراوەو ، کوژرا و بریندارەکان سوپای پاسداران بۆ نەخۆشخانەی بووعەلی گوازراونەتەوە. لە ئێستادا کۆپتەرەکانی سوپا بە ئاسمانی شاری مەریوان دەسووڕێنەوە.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو هێزە کوردییە بە چەکی قورسی ئار پی جی هێرشێ کردووەتە سەر بنکەی سەربازی گوندی دەرێ و خەسارەتی زۆری پێگەیشتووە.
تاکوو ئێستا هیچ میدیایەکی ناخۆی ئێران هیچ هەواڵێکیان لە سەر ئەو تێکهەڵچوونە بڵاو نەکردووەتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە