پەیامی کورد ... جووڵەی بازرگانی ھەرێمی کوردستان ١٠%زیادی کردووە
ووتەبێژی وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بەھۆی چەندین فاکتەر و باشبوونی دۆخەکە لە ئێستادا جمووجووڵی بازرگانی رۆژ بە رۆژ لە زیادبوون دایە، بە جۆرێک لە مانگەکانی ڕابردوو تا ئێستا ١٠% جووڵەی بازرگانی زیادی کردووە.
ووتەبێژی وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، فەتحی مەجید رایگەیاند: "دوای کرانەوەی رێگاکان و ئاسانکاریکردن بۆ بازرگانان رۆژبەرۆژ جمووجوڵی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان لە زیادبوون دایە و لە ئێستادا بەرەو زیاتریش دەچێت، چوونکە وەکوو پێشتر نیە ھاتووچۆ بۆ بازرگانان زەحمەت بێت و بەئاسانی دێن و دەچن و ھاوکاریان دەکرێت، ئەمەش بۆتە فاکتەرێکی سەرەکی بۆ ئەوەی جووڵەی بازرگانی زیاد بێت.
فەتحی مەجید گوتیشی، ئەگەر جمووجووڵی بازرگانی بەڕاورد بکەین بە مانگەکانی پێش، تا ئێستا ١٠% زیادی کردووە، ئەمەش باشە و لە داھاتووش ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت زۆر باشتر دەبێت.
مەجید ڕوونیشیکردەوە، ھۆکاری زیادبوونیشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە دۆخی ھەرێم سەقامگیرە و ھەرێم و بەغدا خەریکی رێککەوتنن و بازار باشە، ئەگەر لەگەڵ بەغدا بگەنە رێککەوتن رێژەکە زۆر لەوە زیاتریش دەبێت بەشێوەیەکی بەرچاو. چوونكە جارێکی دیکە کۆمپانیا بیانیەکانیش ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی کاری بازرگانی بکەنەوە و رێژەیەکی باشی کۆمپانیاکان ھاتوون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە