پەیامی کورد … هەڵوێستی دەستی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە سەر قسەکانی هاوڕێ مەلا عومەر
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پەیامێكی لەبارەی قسەكانی هاوڕێ مەلا ستار بڵاو كردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە قسەکانی ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان کە سووکایەتی بە ئافرەتان دەکات، پەیامێكی بڵاو كردەوە.
لە پەیامەكەدا هاتووە "بەداخەوە ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند پڕۆژەیاسایەک، ئەندامێکی پەرلەمان بەناوی هاوڕێ مەلا ستار لە فراکسیۆنی یەکێتی، لە کاتی بەشداریکردنی لە خاڵی نیزامی بەناوی ئەوەی ڕەخنە لە حکوومەت دەگرێ، بەڵام وشەی مێینەی بەرامبەر حکوومەت بەکارهێنا وەک سووکایەتی و خاڵی لاوازی حکوومەت، بەداخەوە کە ئەندامێکی پەرلەمان کە نوێنەری خەڵکە و لە بەرزترین شوێنی دەسەڵاتی چاودێری و یاسادانان بێت، بەو جۆرە وشەکان دەرببڕێت کە ببێتە مایەی سووکایەتی و ناوزڕاندن بۆ ئافرەتان".
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەش داوە "ئەو وتانە پێچەوانەی هەموو بنەما عورفی و کولتووری و تەنانەت پێچەوانەی یاسا و بەندەکانی مافی مرۆڤیشن. هەمیشه ئافرەت و مێیینە لە ناو کوردستان و مرۆڤایەتی بەبەرز و بەڕێزەوە سەیر کراون و مێیینەبوون هیچی کەمتر نییە لە ڕەگەزی بەرامبەری کە پیاوە و هەردووکیان هاوشان و تەواوکەری یەکترن و لای خۆشمان وەک دەستەی مافی مرۆڤ ئیدانەی بەکارهێنانی ئەو زاراوانە دەکەین کە دەبێتە مایەی ناوزڕاندن بەرامبەر چین و توێژێکی کۆمەڵگە و پێویستە ناوبراو بەفەرمی داوای لێبووردن بکات".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە