پەیامی کورد... هاووڵاتییەکی خەڵکی پشدەر بە تەقەی هێزەکانی سوپای ئێران بریندار کرا
هاووڵاتییەکی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە ناوی ڕەسووڵ عەبدولڕەحمان تەمەن ٢٧ ساڵ ڕۆژی سێشەممە ٣١ی ئایاری ٢٠٢٢ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران لە سنووری پیرانشار بریندار کرا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاندووە کە ڕەسووڵ عەبدولڕەحمان خەڵکی گوندی "شنێنە" سەر بە شاری پشدەر لە پارێزگای سلێمانییە و بە هۆی قورسی برینەکەیەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری قەڵادزێ گوازراوەتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە ڕۆژی شەممەش هەر لەو سنوورە هێزەکانی سوپای پاسداران ژمارەیەک کاسبکاریان دایە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئاکامدا کاسبکارێکی خەڵکی سەنگەسەر بە ناوی کەیوان عەبدوڵڵا تەمەن ٣٠ ساڵ گیانی لە دەست دا.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراوە و لانی کەم پێنج هاووڵاتیی دیکەش بریندار کراون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە