هاوردەكردنی نۆ بەرهەمی كشتوكاڵى قەدەغە كرا

هاوردەكردنی نۆ بەرهەمی كشتوكاڵى قەدەغە كرا

پەیامی کورد... هاوردەكردنی نۆ بەرهەمی كشتوكاڵى قەدەغە كرا


ڕێكخراوی گەشەپێدانی بازرگانی ئێران ڕایدەگەیەنێت، كە عێراق هاوردەكردنی 9 بەرهەمی كشتوكاڵی ئێرانی بۆ ناو ئەو وڵاتە قەدەغە كردووە.

بەپێی نامەیەكی ئەو ڕێكخراوەیە كە بۆ ژووری بازرگانی تارانی ناردووە، عێراق هاوردەكردنی تەماتە، پەتاتە، خەیار، پیاز، كوولەكە، باینجان، شووتی، كاڵەك و بامیەی لە ئێرانەوە بە شێوەیەكی كاتی قەدەغە كردووە.

میدیاكانی ئێران لە زاری (عەبدولئەمیر ڕەبیهاوی) ڕاوێژكاری بازرگانی ئێران لە بەغدا بڵاویانكردۆتەوە كە ئەو ئاگادارییە بۆ قەدەغەكردنی هاوردەكردنی ئەو 9 بەرهەمە لەلایەن نووسینگەی (فوئاد حوسێن) جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە دەرچووە.

لەنامەكەی ڕێكخراوی گەشەپێدانی بازرگانی ئێراندا ئاماژە بەوەشكراوە، كە ئەم بڕیارە لەسەر پێشنیاری وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی ئابووری ئەو وڵاتەوە پەسەند كراوە، ئەمەش بە هۆی زۆربوونی بەرهەمە ناوخۆییەكانی ئەو وڵاتەوە.

ئامارە گومرگییەكان دەریدەخەن كە ئێران (90%) ی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی خۆی هەناردەی وڵاتانی دراوسێ دەكات و یەك لەسەر سێی بەرهەمەكانیشی بۆ عێراق دەڕوات.

عێراق كە لە ساڵانی ڕابردوودا ساڵانە كڕیاری زیاتر لە سێ ملیۆن تۆن بەرهەمی كشتوكاڵی ئێران بووە، چەندین جار هاوردەكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی لەو وڵاتەوە بە هۆكاری جۆراوجۆر قەدەغە كردووە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە