کۆڵبەرێکی خەڵکی تیکاب لە سنووری بانە کوژرا

کۆڵبەرێکی خەڵکی تیکاب لە سنووری بانە کوژرا
 
کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری تیکاب بە ناوی عەلی زەرغامی کە باوکی سێ منداڵە، لە کاتی کۆڵبەر و لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ کاتژمێر ٢ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، (٣ی مارسی ٢٠٢٤)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و بەم هۆیەشەوە کۆڵبەرێک بە ناوی عەلی زەرغامی تەمەن ٥٢ ساڵ کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و پاش ئەوەی کە زگی پێکراوە، دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

عەلی زەرغامی، خەڵکی گوندی ساریباغی سەر بە شاری تیکاب و دانیشتووی شاری سەقز بووە. هەروەها خێزاندار و باوکی سێ منداڵ بووە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی فێبریوەری ٢٠٢٤دا لانی کەم ٤ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان گیانیان لەدەست داوە و ٦٣ کۆڵبەریش برینداربوون.
 
لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە