پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی هاوخەمی بۆ کاسبکارانی بازاڕی قەیسەری هەولێر ڕاگەیاند
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕاگەێندراوێکی لەبارەی سووتانی بازاڕی قەیسەری ھەولێر بڵاوکردەوە و دەڵێت: دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەیەکی ورد بۆ ھۆکارەکانی ئەو ڕووداوە نەخوازراوە بکەن.
دەقی ڕاگەێندراوەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان…
بەداخەوە ھەواڵی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری ھەولێرم بیست کە بەھۆیەوە جگە لە برینداربوونی ژمارەیەک ھاووڵاتی و کارمەندی بەرگری شارستانی، زیانێکی زۆری ماددیش بەر کاسبکارانی بازاڕەکە کەوتووە.
ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم و ھاوخەمی کاسبکارانی ئەو بازاڕەم کە زیانیان بەرکەوتووە، ھاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێ لێکۆڵینەوەیەکی وورد بۆ ھۆکارەکانی ئەو ڕووداوە نەخوازراوە بکەن.
سوپاسی تیمەکانی بەرگری شارستانی، فریاکەوتن، پۆلیس، ئاسایش و تەندرووستی دەکەم کە بەرپرسانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ کرد و بەریان بە تەشەنەکردنی زیاتری ئاگرەکە گرت.
پێویستە ھەڵوەستە لەسەر دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوانە و بەدواداچوونێکی ھەمەلایەن بۆ ڕووداوەکە بکرێت، ھەروەھا کاسبکارانیش زیاتر پابەندی ڕێنمایییەکان و گرتنەبەری ڕێکارەکانی سەلامەت بن.
ئەم بازاڕە شوێنەوارێکی مێژوویی و سیمایەکی جوانی پایتەختی ھەرێمی کوردستانە، بۆیە ھەموو پشتیوانییەک بۆ ھەرچی زووتر نۆژەنکردنەوەی، ڕادەگەێنین.
نێچیرڤان بارزانی
سهرۆکی ههرێمی کوردستان
٢٠٢٤/٥/٦
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە