سزای سێدارەی خەسرەو بەشارەت، بەندکراوی مەزهەبیی کورد و خەڵکی مەهاباد کە لە ١٥ ساڵ پێشەوە لە بەندیخانەیە، و دوو حەوتووی پێش بۆ ژووری تاکەکەسیی گواسترابوویەوە، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ( ١٥ی مەی ٢٠٢٤ )، سزای سێدارەی خەسرەو بەشارەت، بەندکراوی مەزهەبیی خەڵکی مەهاباد کە دوو حەفتە پێش بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواسترابوویەوە، جێبەجێکرا.
خەسرەو بشارت ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بانەمەڕ (١ی مەی) هاوکات لەگەڵ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەنوەر خزری بۆ ژووری تاکەکەسیی گواسترایەوە. هەنگاو حەوتووی ڕابردوو لە ئێکانتی ئیکسی خۆی ڕایگەیاندبوو کە بنەماڵەی ئەو بەندکراوە کوردە بۆ دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ ناوبراو ئاگادار کراونەەوە.
لە ماوەی پاییز و زستانی ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی چوار کەسی دیکە لە هاودۆسیەییەکانی ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەت بە ناوەکانی فەرهاد سەلیمی، قاسم ئابەستە، داوود عەبدوڵڵاهی و ئەیووب کەریمی هەر لەو بەندیخانەیە جێبەجێکراوە.
فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، قاسم ئابستە، خەسرەوە بیشارەت، کامران شێخە و ئەیووب کەریمی، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٠٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گواسترانەوە.
ئەو بەندکراوانە بەتۆمەتی دۆسیەی کوژرانی "عەبدولڕەحیم تینا"، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە بو تۆمەتی وەکوو "کردەوەی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی"، "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت"، "ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان" و "افساد فی الارض" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەو ٧ بەندکراوە مەزهەبییە کوردە کۆتایییەکانی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧١٥ بەڕێوەچوو و ٥ی خەرمانانی ساڵی ٢٧١٦ سزاکەیان بە شێوەی فەرمی پێڕاگەیەندرا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە