پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ پاتریارکی کڵێسای سریانی ئۆرتۆدۆکس كۆبووهوه
ھەر لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میوونشن دا، ئێوارەی ھەینی ٢٠٢٥/٢/١٤، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ پەتریارک ئیگناتیۆس ئەفرامی دووەم، پاتریارکی کڵێسای سریانی ئۆرتۆدۆکس لە ئەنتاکیا کۆبووەوە.
ھەردوولا دۆخی مەسیحییەکان لە عێراق و سووریا و ئەو ئاستەنگانەی لە ئێستادا ڕووبەڕوویان دەبنەوە تاوتوێ کرد، ھەروەھا باسیان لە چۆنیەتی بەھێزکردنی ھەوڵەکانی ئاشتی و پێکەوەژیان لەنێوان پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکانی ناوچەکەدا کرد.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرینگی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و پاراستنی مافەکانی مەسیحییەکان و ھەموو پێکھاتەکان کردەوە، ھەروەھا ئاماژەی بە پابەندبوونی ھەرێمی کوردستان کرد لە پشتگیریکردنی فرەیی ئایینی و کولتووری و بەھێزکردنی ژینگەیەکی لێبووردەیی و ڕێز لە یەک گرتن.
لای خۆیەوە، پەتریارک ئیگناتیۆس ئەفرامی دووەم سوپاسی ھەرێمی کوردستانی کرد بۆ پاراستن و پشتگیریکردنی مەسیحییە ئاوارە و پەنابەرەکان، ھەروەھا ستایشی ڕۆڵی ھەرێمی کوردستانی کرد وەک نموونەیەک بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە ناوچەکەدا.
دۆخی سووریا و ئاستەنگە ھەنووکەییەکانی ناوچەکە، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە