بریکاری وەزارەتی بازرگانی : تیمەکانمان شەو ڕۆژ چاودێری بازاڕ دەکەن

بریکاری وەزارەتی بازرگانی : تیمەکانمان شەو ڕۆژ چاودێری بازاڕ دەکەن
پەیامی کورد   ...   بریکاری وەزارەتی بازرگانی : تیمەکانمان شەو ڕۆژ چاودێری بازاڕ دەکەن

بریکاری وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ووتی "بەھۆی نزیکبوونەوەی ھاتنی مانگی ڕەمەزان ئامادەکاری تەواو کراوە و تیمەکانمان لەو مانگە بەشەوڕۆژ لەکار دەبن بۆ چاودێری کردنی بازاڕ، داوا لە ھاووڵاتییانیش دەکەین ھاوکاری تیمەکانمان بن بۆ ئەوەی قۆرغکاری نەکرێت و کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو بە خەڵک ساخ نەکرێتەوە." 

سەروەر ھاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ،ووتی "ساڵانە پێش ھاتنی مانگی ڕەمەزان لەگەڵ بەڕێوبەری گشتی بازرگانی و سەرجەم بەڕێوبەرەکانی چاودێری بازرگانی لە زاخۆ تا گەرمیان بە پارێزگاکانەوە کۆدەبینەوە، بۆ ئەوەی ڕێنمایی و زانیاری بدەین و بازا ڕێکبخرێتەوە، بەھۆی ئەوەی لە مانگی رەمەزان ھەندێک کاری ناسروشتی لە بازاڕ دەکرێت، ئێمە لەگەڵ لێپچینەوە نین لەگەڵ کاسبکار، ئەوان لە کەرتی تایبەت کار دەکەن بۆ بژێوی ژیانیان، بەڵام نامانەوێت ھاووڵاتی تووشی بێ کوالێتی و قۆرغکاری ببێت و مافیان پارێزراوبێت، پێویستە بەپێی ڕێنماییەکان بێت و تیمەکانمان لە سەلامەتی ھاووڵاتییان بەرپرسن." 

سەروەر ھاواری ووتیشی "پێویستە ھاووڵاتییان لە هەموو ناوچەکان ھاوکاری تیمەکانی ئێمە بن، ئێمە لەپێناو ئەوان لە بازاڕین بۆ ئەوەی ھاوکاربن و خزمەتی زیاتریان بکەین کە لە مانگی ڕەمەزان شەووڕۆژ لەکار دەبن و چاودێری بازاڕ دەکەن، بۆیە ئەگەر ھاووڵاتییان زانیان ھەر نرخێک فێڵی تێدایە سکاڵا تۆمار بکەن، ھێڵی گەرمیشمان ھەیە وبەردەوام لەخەت دەبنین، بەڵام پێویستە ئەوانەی سکاڵا دەکەن بەڵگەیان ھەبێت، جگە لەوەش کاڵای ماوەبەسەرچوو زۆر مەترشیدارە بۆ سەر گیانی ھاووڵاتییان، بۆیە پێویستە ھاووڵاتییان ئاگاداربن وئاگادارمان بکەنەوە، ئێمەش وەکو وەزارەت دەرگامان کراوەتەوە بۆ خەڵکی خۆمان، بۆیە ئەوەی پێویست بێت ھاوکارییان دەکەین." 

ھاواری ڕوونیشی کردەوە "بەداخەوە زۆر جار لە شوێنەکان داشکاندن دەکرێت، کاتێک ھاووڵاتی سەردانیان دەکەن نەک داشکاندن نیە، بەڵکو نرخەکە لە شوێنی دیکە زیاتریشە، ئەمەش دەستی بەسەردا گیراوە و بەپێی یاسا لێپچینەوەی لەگەڵ کراوە، چوونکە ناکرێت داشکاندن بکرێت نرخی زیاتر بێت، بۆیە شوێنەکانی فرۆشتنی کاڵا پێویستە مووڵەتیان ھەبێت، لایەنی پەیوەندیدار ئاگاداری چالاکی بازرگانی بن ئەوەی پێشتر لێپچینەوەی لەگەڵ کرابێت دووبارەی بکاتەوە تووندترین سزا دەدرێت، بۆیە پێویستە ئەوەی لێپێچینەوەی لەگەڵ کراوە دووبارەی نەکاتەوە." 

دەشڵێت "ئەو کاڵایەی ئێستا لەبازاڕ ھەیە بەو نرخەی ئێستای دۆلار نییە، بۆیە تیمەکانمان ھەست بکەن قۆرغکاری دەکرێت ئێمە لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکەین، بۆیە ڕەنگە بەڕێژەیەکی کەم نرخەکان بەرزبێتەوە، بەڵام ئێمە بزانین نرخەکان زۆر بەرزکراونەتەوە  لێپێچینەوە دەکەین و ڕێگە نادەین نرخی کاڵاکان بەرزبکرێتەوە." 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە