هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ دەستبەسەر و بۆ بەندیخانە گوازرایەوە

هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ دەستبەسەر و بۆ بەندیخانە گوازرایەوە

پەیامی کورد... هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ دەستبەسەر و بۆ بەندیخانە گوازرایەوە

سینا مینایی لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵی خەڵکی سەوجەی شنۆ کە ماوەیەک پێش لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا، دوای بانگکران بۆ ژووری بەڕێوەچوونی سزاکانی شنۆ دەستبەسەر و بۆ تێپەرکردنی ماوەی بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوازرایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی هەنگاو، سینا مینایی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لەلایەن دادگای شۆڕشی شنۆ بە سەرۆکایەتی دادوەر مەهدی ڕەزایی سزای ٣ ساڵ بەندکران و ٣ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپاوە.

سینا (کەریم) مینایی ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١) هاوڕێ لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی عەبدوڵڵا یووسفی لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری شنۆ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و دوای یەک مانگ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

شایانی باسە ناوبراو لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بووە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە