پەیامی کورد … هەزاران کرێکاری بیانی لە عێراق دەر دەکرێن
ڕۆژی چوارشەممە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەركردنی ٣٢ هەزار كرێكاری بیانی لە وڵاتەكە راگەیاند، ئەمەش بە بیانووی نەبوونی مافی مانەوە لە عێراق و زۆربوونی ڕێژەی بێكاری لە وڵاتەكەدا.
خالید میحنا گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد وەزارەتەكەیان هەڵمەتێكی بەرفرەوانی چاودێریكردنی دیاردەی زیادبوونی كرێكاری بیانی لە وڵاتەكە جێبەجێ كردووە، بە تایبەتی زیادبوونی ڕێژەی ئەو كرێكارە بیانییانەی مافی مانەوە و نیشتەجێبوونیان لە عێراقدا نییە و بە شێوەی نایاسایی جێگیر بوون.
هەروەها رایگەیاند كە زیادبوونی ڕێژەی ئەم كرێكارە بیانییانە یەكێكە لە هۆكارەكانی زیادبوونی كێشە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان لە عێراق، هەروەها هۆكارێكی سەرەكیی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێكارییە.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەشی بەوە كرد كە تاكو ئێستا ٣٢ هەزار كرێكاری بیانییان لە عێراق دەركردووە، بەهۆی ئەوەی مافی مانەوەیان نەبووە و بەشێوەی نایاسایی لە عێراق جێگیر بووبوون، ئەو لایەنانەی كە كرێكارەكانیشیان لەخۆ گرتبوو، لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵ كراوە.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە عێراقدا ڕێژەی بێكاری زیاتر دەبێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە