نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا

پەیامی کورد    ...   بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ دووشەممە  ٣ی ٢ی ٢٠٢٠   بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ووڵاتی چین، کە گەورەترین وڵاتی بەکارهێنەری نەوتە لەجیهاندا، خواست لەسەر بەرهەمی نەوتی خاو کەمیکردوە، بەوەش نرخەکەی لەبازاڕەکانی جیهاندا دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

ماوەی سێ هەفتەیە کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی جیهان گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ ووڵاتی چین راگرتوە، بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کوشندەی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا، کە تا ئێستا بەهۆیەوە ٣٦١ کەس گیانیانلەدەستداوە، هاوکات بەهۆیەوە گەشەسەندنی بازاڕە ئابوورییەکانی چین، کە دوەم گەورەترین ووڵاتی جیهانە لەروی ئابورییەوە وەستاوە و خواست لەسەر بەرهەمی نەوتی خاو کەمیکردوە.بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەمڕۆ دوشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت ٤٨ سەنت دابەزیوە لە دوایین مامەڵەدا بە ٥٦.١٤ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکراوە، واتا بەڕێژەی %٠.٩ نزمبوەتەوە. 
لە هەمانکاتیشدا نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکا ٢٤ سەنت دابەزیوە و بە ٥١.٣٢ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێکراوە، واتا بەرێژەی ٠.٩%  نزمبوەتەوە.

مایکل مکارسی، گەورە شارەزا لە بازاڕەکانی ئابووری سیدنی رایگەیاند، "ئەو رێوشوێنانەی کە بانکی ناوەنی چین بۆ پاڵپشتیکردن لە کەرتی ئابوری وڵاتەکەی ئەنجامیدەدات، کاریگەری لەسەر دانانی سنوور بۆ نزمبوونەوەی نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا دەبێت".
دوێنێ یەکشەممە بانکی ناوەندی چین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕی ١٧٤ ملیار دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، بەمەبەستی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ووڵاتدا، هەروەها بڕی ١٥٦ ملیار دۆلاریش تەرخاندەکات بۆ پاڵپشتی لە بووژانەوەی کەرتی ئابووری وڵاتەکەی، کە بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکەوە زیانی زۆری بەرکەوتوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە