عێراق بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا داوای غازی زیاتر لە ئێران دەکات

عێراق بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا داوای غازی زیاتر لە ئێران دەکات

پەیامی کورد... عێراق بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا داوای غازی زیاتر لە ئێران دەکات

وەزارەتی کارەبای عێراق هەوڵ دەدات بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد بکات، بۆ ئەم مەبەستەش داوای لە ئێران کردووە هەناردەی گاز بۆ عێراق زیاد بکات.

وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، هەوڵدەدەن بەرهەمهێنانی ڕۆژانە بۆ ٢٤ هەزار مێگاوات بەرزبکەنەوە، ئەو بەرزبوونەوەیە پەیوەستە بە دابینکردنی گازی ئێرانی کە لە ڕێگەیەوە دەتوانن وێستگەی نوێ بە گەڕ بخەن و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا زیاد بکەن.

ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراقی ڕایگەیاند، ئێستا قەبارەی بەرهەمهێنای کارەبا نزیکەی ٢٠ هەزار مێگاواتی ڕۆژانەیە، کە ئەو بڕەش ناتوانێت پێداویستی ڕۆژانەی هاووڵاتییان پڕ بکاتەوە و چاوەڕێ دەکەن ئێران هەناردەی گاز بۆ عێراق زیاد بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق بە تەواوی بڕی قەرزی لایەنی ئێرانی داوەتەوە و بە تارانی ڕاگەیاندووە، ڕۆژانە پێویستیان بە ٥٠ تاوەکوو ٥٥ ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی هەیە، بەڵام تاوەکوو ئێستا ئێران نزیکە ٤٠ ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی هەناردەی عێراق دەکات.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕاشیگەیاند، هەر کاتێک ئاستی هاوردەی گازی ئێران زیادی کرد، ئەو کاتە دەتوانن وێستگەی نوێ بە گەڕ بخەن و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا زیاد بکەن.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە