پەیامی کورد … ماکرۆن: بەردەوام دەبین لە هاوکارییەکان لە شەڕی دژ بە تیرۆر
سەرکۆماری فەرەنسا لە شاری بەغدای پایتەختی عێراقەوە، رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێ لە هاوکارییەکان لە شەڕی دژەتیرۆر.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 28-8-2021، ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرکۆماری فەرەنسا بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی لووتکەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی، سەردانی بەغدای کرد.
ئیمانوێڵ ماکرۆن دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: فەرەنسا جەخت لە سەقامگیری و سەروەریی عێراق و کاری بە یەکەوەیی لە شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دەکاتەوە.
سەرکۆماری فەرەنسا هەروەها رایگەیاند: وڵاتەکەی هاوبەشی راستەقینەیە و بەردەوام دەبێ لە هاوکاریکردنی هێزە عێراقییەکان لە شەڕی دژەتیرۆر.
ئیمانوێڵ ماکرۆن لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، جەختی لە گرنگیی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانبووەکانی عێراق و گەڕانەوەی ئاوارەکان کردەوە و رایگەیاند: ”فەرەنسا بودجەیەکی تایبەتی بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و بنیاتنانی ژێرخانی عێراق، تەرخان کردووە“.
ماکرۆن بە پێویستی زانی وڵاتانی دراوسێی عێراق هەماهەنگ بن و هاوکاریی عێراق بکەن، چونکە ”سەقامگیری لە عێراق بەبێ هەماهەنگیی وڵاتانی دراوسێ، نایەتە دی“.
هەروەها مستەفا کازمی رایگەیاند: گەلی عێراق ستایشی پشتیوانیی هێزە فەرەنسییەکان لە شەڕی دژی داعش و بوارەکانی ئابووری و تەندروستی، دەکات.
ئەمڕۆ شەممە 28-8-2021، کۆنگرەی لووتکەی بەغدا، کە عێراق بە هەماهەنگیی فەرەنسا سازی دەکات، دەست بە کارەکانی دەکات.
لەو کۆنگرەیەدا، سەرۆک، شا و میر و نوێنەری وڵاتانی دراوسێی عێراق بە ئامادەبوونی سەرۆکانی فەرەنسا، میسر، میری قەتەر و نوێنەرانی ئەوروپا و ئەمریکا، گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی عێڕاق و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە