لە ئاکامی زنجیرەیەک تەقینەوە لەرۆژهەڵاتی وڵاتی ئەفغانستان زیاتر لە (٥٠) کەس کوژراون و برینداربوون.
ئاژانسەکانی هەواڵ بڵویانکردووەتەوە، کە شەوی ڕابردوو، سێ تەقینەوە لەیاریگایەکی کریکێتی ویلایەتی نەنگەرهاری ئەفغانستان ڕوویداوە و بەوهۆیەوە لانیکەم هەشت کەس کوژراون و (٤٣)ی دیکەش برینداربوون.
باس لەوەشکراوە، کە تەقینەوەکان لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی کریکێتی خولی ڕەمەزان ڕوویانداوە.
لای خۆشیەوە، بەڕێوەبەری تەندروستی ویلایەتی نەنگەرهار ئاشکرایکردووە، کە باری تەندروستی حەوت کەس لەبریندارەکان ناجێگیرە.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە رانەگەیاندووە.
هەفتەی ڕابردووش گروپێکی چەکدار هێرشیانکردە سەر نوسینگەی حاکمی ویلایەتی نەنگەرهار و بەهۆیەوە لانیکەم (١٠) کەس کوژران و (٣٦)ی دیکەش بریندار بوون، دواتر ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لەهێرشەکە راگەیاند.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە