لە مەهاباد پێنج هاووڵاتی سزای ٥٠ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپا

لە مەهاباد پێنج هاووڵاتی سزای ٥٠ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپا

پەیامی کورد... لە مەهاباد پێنج هاووڵاتی سزای ٥٠ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپا


چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوەکانی یاسین مستەفاپوور، سەلاح مووسەویڕاد، ئیرەج ئیبراهیمزادە و بێهنام ڕاسخنیا و هەروەها هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی شاری ئورمیە بە ناوی ڕەحیم شەمعی، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٥٠ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردن و لێدانی ٧٤ قامچی بەسەریاندا سەپاوە. ئەم هاووڵاتییانە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕابردوودا ڕەحیم شەمعی، تەمەن ٢٦ ساڵ و هاووڵاتیی کورد و دانیشتووی شاری ئورمیە، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ لە شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر"سەجاد دێهقانزادە"، بە تۆمەتی "تێکشکاندن و لەناوبردنی کەرەستە و سامانە گشتییەکان"، سزای ٥ ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی "تێکدانی سامان و شوێنە گشتییەکان" ساڵێک و ٦ مانگ بەندکردن، بە تۆمەتی "دروستکردنی جۆرەکانی تەقەمەنی" ٥ ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی "یاخیگەری بەرانبەر بە هێزە حکوومەتییەکان" سزای ٢ ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی "تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی" ساڵێک بەندکردن و سەرجەم سزای ١٤ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە. هەروەها دوو قاتی بەهای کەرەستە سامان و شتە گشتییەکان سزای پێبژاردنی پارە و لێدانی ٧٤ قامچیی بەسەردا سەپاوە.

هەروەها یاسین مستەفاپوور، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، لەلایەن ئەو دادگایەوە بە تۆمەتی "تێکشکاندن و لەناوبردنی کەرەستە و سامانە گشتییەکان" سزای ٥ ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی "تێکدانی سامان و شوێنە گشتییەکان" سزای ساڵێک و ٦ مانگ بەندکردن، بە تۆمەتی " یاخیگەری بەرانبەر بە هێزە حکوومەتییەکان"، سزای پێنج ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی " تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی" سزای ساڵێک بەندکردن و سەرجەم سزای ٩ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەو شارە بە ناوەکانی سەلاح مووسەویڕاد، تەمەن ٢٨ ساڵ و ئیرەج ئیبراهیمزادە، تەمەن ٢٤ ساڵ، بە تۆمەتی "تێکشکاندن و لەناوبردنی کەرەستە و سامانە گشتییەکان" سزای ٤٢ مانگ بەندکردن و بە تۆمەتی " تێکدانی سامان و شوێنە گشتییەکان" سزای ساڵێک و ٦ مانگ بەندکردن، واتە هەرکامیان سەرجەم سزای ٥ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

هەر لە درێژەی بڕیاری ئەم دادگایەدا بێهنام ڕاسخنیا، تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، بە تۆمەتی "تێکشکاندن و لەناوبردنی کەرەستە و سامانە گشتییەکان" سزای ٥ ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە تێکدانی سامان و شوێنە گشتییەکان" سزای ساڵێک، ٦ مانگ و بە تۆمەتی "سووتاندنی بەڵگەنامە تاکەکەسییەکان" سزای ١٠ ساڵ بەندکردن و سەرجەم سزای ١٦ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی یاسای کۆی سزاکان، قورسترین سزا بۆ ڕەحیم شەمعی و یاسین مستەفاپوور هەرکامیان سزای ٥ ساڵ بەندکردنیان بۆ بڕاوەتەوە، سەلاح مووسەویڕاد و ئیرەج ئیبراهیمزادە، هەرکامیان سزای ٤٢ مانگ بەندکردنیان بۆ بڕاوەتەوە و هەروەها بێهنام ڕاسخنیا سزای ١٠ ساڵ بەندکردنی بۆ بڕاوەتەوە.
 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە