پەیامی کورد... لیژنەی لێکۆڵینەوە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانی بۆ سەر هەولێر ئاشکرا کرد
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند کە لیژنەی لێکۆڵینەوە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانی بۆسەر هەولێر ئاشکرا کرد.
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە (کوردستان٢٤) ی ڕاگەیاند: "لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی عێراق لە هێرشەکەی سەر شاری هەولێر کارەکانی تەواو کرد و هێرشەکە ماڵێکی سڤیلی کردووەتە ئامانج و لەلایەن هیچ دەزگایەک بەکار نەهێندراوە".
گوتیشی: "لیژنەی لێکۆڵینەوە لەو هێرشە مووشەکییە سەرکۆنەی هێرشەکە دەکات و پێشێلکارییەکی ئاشکرایی سەروەری عێراقە و دووپاتی کردووەتەوە، پێویستە ئێران قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە".
هەروەها جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاشی گەیاند: لیژنەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پێویستە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕێکارەکانی ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بگرێتە بەر.
بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٣/٣/٢٠٢٢، سوپای پاسدارانی ئێران ١٢ مووشەکی بالیستی ئاراستەی هەولێر کرد و لە ماڵی شێخ باز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کار، کەوتنە خوارەوە و زیانێکی زۆری ماددییان بە ماڵی ئەو هاووڵاتییە و دەوروبەری گەیاند.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە