چالاکانی کورد لە خوراسان بە هۆی پۆشینی جلی کوردییەوە هەڕەشەیان لەسەرە

چالاکانی کورد لە خوراسان بە هۆی پۆشینی جلی کوردییەوە هەڕەشەیان لەسەرە

پەیامی کورد... چالاکانی کورد لە خوراسان بە هۆی پۆشینی جلی کوردییەوە هەڕەشەیان لەسەرە


ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بە ڕاگەیاندنی قەدەغە بوونی لەبەرکردنی جلی کوردی، لە ئامادەبوونی هاووڵاتییانی کوردی خوراسان لە ڕێوڕەسمگەلی جیاوازدا بە جلی کوردییەوە، ڕێگرییان کردووە و ژمارەیەک لە چالاکەکان و هونەرمەندە کوردەکانیان بانگکردووە و وێڕای هەڕەشەکردن لێپرسینەوەیان لێیان کردووە.


بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەو دوایییانەدا ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پارێزگاکانی خوراسانی باکوور و خوراسانی ڕەزەوی، سەبارەت بە پۆشینی جلی کوردی لە ڕێوڕەسمەکان هۆشدارییان داوەتە ئەو بەشداربووانەی جلی کوردی لەبەر دەکەن و بەتایبەت پۆشینی جلی کوردی بۆ هونەرمەندەکان قەدەغە کراوە.

هەنگاو ئاگادارکراوەتەوە کە هەر لەو ڕاستایەدا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری قووچان، بجنورد، شیروان، ئیسفەراین، و دەرەگز ژمارەیەک لە هونەرمەندان و چالاکانی کوردییان بانگ کردووە و هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکردن هۆشدارییان پێیان داوە کە مافی لەبەر کردنی جلی کوردی (ئەو جلانەی کە لە کوردستان بەکار دێت) یان نییە.

بەوتەی یەکێک لەو چالاکە مەدەنییانە کە بانگکراوە، ناوەندە ئەمنییەکان هۆشدارییان بەو چالاک و هونەرمەندانەی بانگکراون داوە کە لە ئەگەری کەڵک وەرگرتنیان لە جلی کوردی، بە تۆمەتی ئەندامبوون و هاوکاری لە گەل حیزبە کوردستانییەکان دۆسیەیان بۆ ساز دەکرێت.

کوردەکانی خوراسان، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە پێشەنگایەتیی چالاکانی مەدەنی و کولتووری، هەوڵیان داوە بۆ لەبەر کردنی جلی کوردیی خەڵکی کوردستان و بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان بەو جلەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و هەروەها داوایان لە کوردەکانی خوراسان کردووە کە زیاتر لەو شێوە جلە کەڵک وەرگرن.

ژمارەی نزیک بە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لە کوردەکان لە خوراسانی باکوور و خوراسانی ڕەزەوی دەژین کە باوباپیریان لە کاتی حکومەتی سەفەویان لە ناوچە سنوورییەکانی خۆی، ماکۆ، ئورمیە و هتد بۆ سنوورەکانی تورکەمەنستان و ئەفغانستان کۆچێندراون.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە