پەیامی کورد … لە پارێزگای کرماشان ژنێک بە دەستی هاوژینەکەی کوژرا
ژنێکی گەنجی خەڵکی سونقوڕ و کولیایی سەر بە پارێزگای کرماشان دوای دەمەقاڵەیەک، لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی ڕۆژی دووشەممە ١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١، ژنێکی گەنجی خەڵکی شاری سونقور و کولیایی سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوی ئاسیە ئەکبەری تەمەن ٣٥ ساڵ لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە ناوی سەید نەبی حوسێنی تەمەن ٤٠ ساڵ کوژراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار هاوژینی ئاسیە ئەکبەری بە دار لەسەری ژنەکەی داوە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە. بکوژ چەند کاتژمێر دوای ئەم ڕووداوە لەلایەن هێزەکانی پۆلیس دەستبەسەر کراوە.
دەرکەوتووە کە ئەم ژن و مێردە خەڵکی گوندی “یوسفجێرد” سەر بە ناوچەی باوەڵێ لە شاری سونقورن و بە هۆی ئەوەی نەیانتوانیوە پارەی بیمەی تایبەت بە قوتابیان لە کاتی ناونوسکردنی منداڵەکانیان لە قوتابخانە دابین بکەن، بووەتە دەمەقاڵەیان و لە کۆتاییدا ژنەکە لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە.
یەکێک لە دانیشتوانی ئەم گوندە لەمبارەوە ڕاگەیاند:’ سەید نەبی حوسێنی نەخۆشینی (گەشکە)ی هەبووە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردووا سەرقاڵی کرێکاری بووە، بە هۆی نەخۆشینەکەیشی هیچ ئیدارەی و ناوەندیکی حکوومی دایاننەمەرزاندووە. ناوبراو دوای ئەوەی پەتای کۆرۆنا بڵاو بووەتە نەیتوانیوە هیچ کارێک پەیدا بکا و بەردەوام بێکار بووە و تەنانەتنەیتوانیوە خەرجی ژیانیان دابین بکات.
شایانی باسە ئاسیە ئەکبەری دایکی دوو منداڵەی تەمەن ١٣ و ١١ ساڵان بووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە