پەیامی کورد … زیانلێكەوتوانی لافاوەكەی هەولێر قەرەبوو دەكرێنەوە
حكوومەتی هەرێم دەستدەكات بە قەرەبوكردنەوەی ئەو هاووڵاتیانەی بەهۆی لافاوەكەی سەرەتای ئەم هەفتەوەیەوە زیانیان لێكەوتبوو.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پرۆسەی پاككردنەوەی شوێنە زیانلێككەوتوەكانی لافاو بەردەوامەو تائێستا 561 خانوو زیانیان پێگەیشتوەو دەیانەوێت مژدەی ئەوە بدەنە هاووڵاتیانی زیانلێكەوتوو كە لە رۆژی چوارشەممە 3-11 وە دەستدەكرێت بەپرۆسەی قەرەبوكردنەوەیان.
پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند: دەستخۆشی لە رێكخراوەكانی خێرخوازی و ناوەندی قەیرانەكان و بەرگریی شارستانی و هێزە ئەمنییەكان دەكەن كە هاوكاربون بۆ زیانلێككەوتوانی لافاوەكە.
لەبارەی بڕی قەرەبوكردنەوەكەوە ئومێد خۆشناو رایگەیاند: ناهێڵن كەسێك زیانی زۆری كردبێت و قەرەبوی كەمبكرێتەوە یان بە پێچەوانەوە لەبەرئەوە دڵنیایی دەدەن كە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە قەرەبوی زیانلێككەوتوان دەكەنەوە.
پێشتر جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: حكومەتی عیراق بڕیاریداوە لەگەڵ ناردنی 200 ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان بڕی 3 ملیار دیناریش وەك قەرەبوو بۆ زیانلێكەوتوانی لافاوەكەی شاری هەولێر بنێرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە