شوێنی ئەبووبەکر بەغدادی نازانین

شوێنی ئەبووبەکر بەغدادی نازانین

پەیامی کورد  ...   نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند، شەڕلە دژی ڕێکخراوی داعش تەواو نەبووە، سەرەڕای ئەوەی ڕێکخراوەکە هیچ شوێنێکی بەدەستەوە نەماوە، دەشڵێت، "شوێنی ئەبوبەکر بەغدادی نازانین".

بەپێی هەواڵی ئاژانسی رۆیتەرز، جیم جێفری، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانێتی دژی داعش لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە، "کۆتاییهاتنی تەواوەتی رێکخراوی داعش لە دەستپێکی ئەم هەفتەیەدا لە کۆتا ناوچەی ژێر دەسەڵاتیدا لە سووریا ڕۆژێکی مەزن بوو، بەڵام شەڕ دژی ڕێکخراوەکە بەردەوام دەبێت"

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی ئەمریکا بە ژمارەیەکی دیاریکراو لە سووریادا دەمێننەوە بەمەبەستی پێشکەشکردنی یارمەتی لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش.

جێفری لەبارەی شوێنی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش کە دوای کۆنتڕۆڵکردنی دوایین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داعش دیارنەماوە ووتی، "ئەمریکا شوێنی ئەبوبەکر بەغدادی نازانێت".

بەغدادی ئێستا لە سەرەوەی لیستی داواکراوترین ڕۆخساری سیاسی و ئاینییەکانی جیهاندایە، بەتایبەتیش لەلایەن ئەمریکاوە کە پاش راگەیاندنی خەلافەتەکەی لە موسڵ هاوپەیمانێتییەکی بۆ لەناوبردنی ئەو خەلافەتە راگەیاند.

بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی ئاسۆشیتێدپرێس، کورد، ئەمریکی، رووسی، عێراقی و سورییەکان بەدوای ئەبوبەکر بەغدادی ئەمیری داعشدا دەگەڕێن، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە شوێنی نیشتەجێبونی سەرکردەی مەترسیدارترین گروپی تیرۆریستی بزانن.

لەماوەی رابردودا چەندین قسەوباس لەبارەی چارەنوسی بەغدادییەوە کراوە، لەوانە وتراوە گوایا لەکاتی بۆمبارانکردنی پێگەکانیان لەعێراق و سوریا بریندارکراوە و تەنانەت وتراویشە کە کوژراوە، بەڵام هیچکام لەو زانیارییانە پشتڕاست نەکراونەتەوە.

بەپێی راپۆرتەكان ، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا، زۆرینەی سەرکردەکانی داعش کوژراون، بەڵام هێشتا سەرکردەکەی داعش شوێنی نەزانراوە و ئەمریکا 25 ملیۆن دۆلار خەڵاتی بۆ دۆزینەوەی داناوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە