لە نەورۆزدا زیاتر لە (٤١) هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە

لە نەورۆزدا زیاتر لە (٤١) هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە

بەوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، پلانە تەناهییەكەیان بۆ ڕۆژانی نەورۆز سەركەوتوو بووەو راشیدەگەیەنێت، کە لەماوەی (٣) ڕۆژی نەورۆزدا جگە لەوەی دوو ڕووداوی خنكان تۆمار كراون، بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆشەوە (٣) هاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر رایگەیاندووە، کە ئەو پلانە تەناهیەی بەهەماهەنگی لەگەل ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆ و بەرگریی شارستانی و هێزە تەناهییەكانی دیکە بۆ ڕۆژانی نەورۆز دایان نابوو بەسەرکەوتووی جێبەجێکراوە.

دەشڵێت، جێی داخە لەو سێ ڕۆژەدا چەند ڕووداوێكی هاتوچۆ ڕوویانداوەو بەهۆیانەوە (٣) هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و (٥)ی دیکەش برینداربوون.

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە هەر لەماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا دوو ڕووداوی خنكان لە سەیرانگای شێخ توراب تۆماركراون و لەسەیرانگای دڵۆپەش منداڵێك گیانی لەدەستداوە.

باسی لەوەشکردووە، کە هاووڵاتییان و گەشتیاران لەوپەڕی ئارامیدا جەژنیان پیرۆز كرد و لە ناوشار و سەیرانگەكانیشدا و بەهەوڵ و ماندووبوونی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و تیمەكانی تەندروستی و فریاگوزاریی خێرا، سەروماڵیان پارێزراو بووە.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت ئاشکراشیکردووە، کە لەماوەی پشووی نەورۆزدا (٤١) هەزار و (٧٥) گەشتیار لەمەرزەكان و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە سەردانی هەولێر و شوێنە گەشتیارییەكانیان كردووەو ئاسانكاریی تەواویشیان بۆ كراوە.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە