پەیامی کورد... مامۆستایەکی کورد سزای قورسی بەندکرانی بەسەردا سەپا
مامۆستا "ئیبراهیم کەریمی"ی نەنەڵە، پێشنوێژی مزگەوتی "نەنەڵە"ی شاری سنە، کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینییەوە سزای ١٢ ساڵ بەندکردن، داماڵینی جلوبەرگی مامۆستایەتی و هەروەها دوورخستنەوە لە زێدی خۆی و قەدەغەکردنی هەتاهەتایی لە وتاردانی بەسەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٧ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، مامۆستا ئیبراهیم کەریمیی نەنەڵە، کەسایەتیی ئایینیی خەڵکی شاری جوانڕۆ، لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی لە هەمەدان، بە تۆمەتی "هەڵگرتنی چەکی دەمانچە"، "پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی و لە ڕاستای حیزبە کوردستانییەکاندا" سزای ١ ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی "هاندانی خەڵک بۆ ئاژاوەگێڕی و پشتیوانی لە خۆپیشاندەران" سزای ٥ ساڵ بەندکردن و هەروەها بە تۆمەتی "هەڕەشەی کوشتنی پێشنوێژی مزگەوتت ئاساوڵە لە شاری سنە" سزای ١ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.
بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا واتە سزای ٥ ساڵ بەندکردنی ئەو مامۆستا ئایینییە جێبەجێ دەکرێت.
هەروەها سزای داماڵینی جلوبەرگی ئایینی بۆ هەمیشە، قەدەغەکردنی وتاردان بۆ ماوەی تەمەن و دوو ساڵ دوورخستنەوەی ناوبراو بۆ شاری بووشێهر تاکوو تەواوبوونی ماوەی سزاکەی، بەسەردا سەپاوە.
مامۆستا "ئیبراهیم کەریمی"ی نەنەڵە، ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، لە ڕێگەی سنە - مەریوان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
ئەم کەسایەتییە ئایینییە ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی ئازاد کراوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە