پەیامی کورد... دوو لاوی کورد سزای بەندکران و لێدانی قامچییان بە سەردا سەپا
دوو هاووڵاتیی خەڵکی قەسری شیرین بە ناوەکانی مەهدی فەقیری و پەیمان شیربەندی لە پەیوەندی لەگەڵ ڕاپەڕین و بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم دواییە، لەلایەن دادگای تاوانەکانی ئەم شارە هەر کامەیان سزای ٨ مانگ بەندکران و لێدانی ٥٠ قامچییان بە سەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٢٩ی جەنیوەری ٢٠٢٣) مەهدی فەقیری و پەیمان شیربەندی بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگای جووڵەی نەشیاو، مشتومڕ و جەنجاڵ"، "ڕێگریکردن لەبەردەم کار و کاسبی خەڵک" و "تێکدانی موڵکی گشتی" هەر کامەیان لەلایەن دادگای تاوانەکانی قەسری شیرین سزای ٨ مانگ بەندکران و لێدانی ٥٠ قامچییان بە سەردا سەپاوە
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکانی هەنگاو، دانیشتنی دادگای ئەم دوو هاووڵاتییە لە لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی قەسری شیرین، بێ ئامادەبوونی خۆیان بەڕێوەچووە.
جێگای ئاماژەیە کە، مەهدی فەقیری و پەیمان شیربەندی، لە مافی هەبوونی پارێزەر و مافە سەرەتاییەکانی دیکەی هەر بەندکراوێک لە ماوەی دەستبەسەرکران و بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگادا بێ بەری بوون.
هەر لەم ڕاستایەدا، بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای مانگی جەنیوەری ساڵی ٢٠٢٣ەوە هەتا ئێستا، لانی کەم ٩ چالاکی کورد کە لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم دواییە دەستبەسەرکرابوون، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەرجەمیان سزای ٥٦٤ جار لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە