بەگوێرەی توانا داراییەكانی حكوومەت، دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت

بەگوێرەی توانا داراییەكانی حكوومەت، دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت

پەیامی کورد      ...     حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەگوێرەی توانا داراییەكانی حكوومەت، دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت.
سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، رۆژی شەممە ٢/٠٥/٢٠٢٠ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گەڵ شاندی حكوومەتی هەرێم كە هەفتەی رابردوو سەردانی بەغدایان كردبوو كۆبووەوە .
لە كۆبوونەكەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی شاندەكە و ئەندامانی شاندەكە ئەنجامی سەردانەكەیان بۆ بەغدا و گفتوگۆیان لە گەڵ كاربەدەستەكانی حكوومەتی فیدراڵی خستەڕوو .جەخت لە سەر بەردەوامبوونی گفتوگۆكان لە گەل بەغدا كرایەوە بە ئاراستەی پاراستن و دابینكردنی ماف وشایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان. بڕیاریشە لەم هەفتەیەدا بۆ درێژەدان بە دانووستان، شاندەكە دووبارە سەردانی بەغدا بكاتەوە.
لە تەوەرێكی دیكەدا دۆخی دارایی ئێستای حكومەت تاوتوێ كراو سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا ، بە پێی ئەو توانا داراییەی ئێستا لە بەردەستە ، دەست بە دابەشكردنی مووچە بكرێت.
لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لە گرینگی بەردەوامبوون لە سەر جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كرایەوە . هەروەها بڕیاردرا لەم هەفتەیەدا و دوای كۆتاییهاتنی مووڵەتی دیاریكراو بۆ ئاگاداركردنەوەی ئەو كۆمپانیا و لایەنانەی قەرزداری حكومەتن. رێوشوێنی وەرگرتنەوەی قەرزەكانی حكومەت دەست پێبكات.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەكەدا ، سەبارەت بەو داواكارییانەی كە ئێستا لە بارەی لامەركەزی ئیداری لە ئارادان، لایەنە بەشدارەكانی حكومەت جەختیان لەوە كردەوە كە پرسی لامەركەزی ئیداری و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆكایەتی حكومەت، بە شێكە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جەختیشیان لە یەكپارچەیی كیانی هەرێمی كوردستان و دژایەتی هەرجۆرە هەوڵێك بۆ دوو ئیدارەیی كردەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە