پەیامی کورد … کۆمسیۆن: ٢٤ ملیۆن دەنگدەر بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن
وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە دەنگدانی گشتیدا بۆیان هەیە دەنگ بدەن، ژمارەیان ٢٤ ملیۆن دەنگدەرە و ١٢٠ هەزار دەنگدەری ئاوارەش بەشداری دەکەن.
جومانە غلای وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە لێدوانێکی تەلەفزۆنیدا ڕایگەیاند، زۆرێک لە قۆناغەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکەیان تەواو کردووە، وەک نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و پێشوازیکردن لە لیستی کاندیدەکان، ئێستاش کار دەکەن لەسەر ئامادەکاری بۆ ڕۆژی دەنگدان.
وتەبێژی کۆمسیۆن ئاماژەی بەوەشکرد، تەواوی کاری لۆجستی و هونەری پرۆسەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانیان تەواو کردووە، بە مەبەستی بەڕێوەچوونی لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانی وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕوونیکردەوە، لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوەوە، هەماهەنگیان لەگەڵ ٧٦ باڵیۆزخانەی عەرەبی و بیانی و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کردووە، ئەنجومەنی کۆمسیارانیش لیژنەیەکی سەرۆکایەتی پێکهێناوە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردنەکان، ئەو لیژنەیە لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوە بانگهێشتی باڵیۆزخانەی وڵاتانی عەرەبی و بیانی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی کردووە، بۆ بەشداریکردن لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکەدا، ئەو لایەن و وڵاتانەش بە ئەرێنی وەڵامی بانگهێشتەکەی وەزارەتی دەرەوەیان داوەتەوە.
دەربارەی بەڕێوەچوونی ڕۆژی هەڵبژاردنەکانیش جومانە غلای جەختیکردەوە، کۆمسیۆن پشتی بە چاودێرانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و بریکاری حزبە سیاسییەکان دەبەستێت، هەموو ئەو چاودێرانە بۆیان هەیە راپۆرتی خۆیان پێشکەش بکەن، سەبارەت بە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان، دواتر راپۆرتی خۆیان بەرزدەکەنەوە بۆ ئەو لایەنەی کە کاری لەگەڵدا دەکەن، بەڵام مافی سکاڵایان نییە لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکە.
سەبارەت بە ئاوارەکانیش، وتەبێژی کۆمسیۆن روونیکردەوە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ سەرژمێریکردنی ژمارەی دەنگدەرانی ئاوارە لە ئۆردوگاکان، کە یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران سەرۆکایەنی لیژنەکە دەکات، ئەو لیژنەیەش بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، سەردانی سەرجەم ئۆردوگاکان دەکات بە مەبەستی سەرژمێریکردنی ژمارەی دەنگدەرانی ناو کامپەکان.
ژمارەی ئەو ئاوارانەش کە بۆیان هەیە بەشداری هەڵبژاردن و دەنگدان بکەن بە ١٢٠ هەزار دەنگدەر مەزەندە کراوە، هەمووشیان لە بازنەی ئەو پارێزگایە دەنگ دەکەن کە لێوەی ئاوارە بوون.
سەبارەت بە تۆماری دەنگدەرانیش، وتەبێژی کۆمسیۆن ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەی دەنگدەرانی ڕۆژی دەنگدانی گشتیان بۆ ئەنجومەنی کۆمسیاران بەرزکردووەتەوە، کە ژمارەیان بە ٢٤ ملیۆن دەنگدەرە و تا ئێستاش تۆماری دەنگدەرانیش لە قۆناغەکانی کۆتاییدا و زیاتر لە ١٧ ملیۆن دەنگدەریش بەشێوەی بایۆمەتری تۆمار کراون و کارتی بایۆمەتریان هەیە.
ئەوەش لە کاتێکدایە بڕیار لە ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و حکومەت سورە لەسەر ئەنجامدانی لەکاتی خۆیدا، بە تایبەت تا ئێستا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق چەند جارێک جەختیکردووەتەوە لەوەی هەڵبژاردنەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە دەچێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە