پەیامی کورد... ئەمریكا : رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێناهێڵین
ژەنەڕاڵێكی سوپای ئەمریكا لەبارەی هێزەكانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایدەگەیەنێت، لەچەندین بواردا ناوچەكە بۆ ئەمریكا گرنگەو پێم وانییە ناوچەكە بەجێ بهێڵین بۆ ماوەی چەند دەیەكی تر دەمێنینەوە.
ژەنەراڵ (مارك میلی) سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمریكا لەچاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمریكا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێناهێڵێت، چونكە بایەخێكی گرنگی هەیە بۆ وڵاتەكەی.
ئاماژەی بەوەداوە، ئەمریكا دۆست و هاوبەشی نزیكی لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیەو ئەم ناوچەیە لەچەندین بواردا ناوچەیەكی گرنگە بۆ حكومەتی ئەمریكا.
باسی لەوەشكردووە، پێموانییە ئەمریكا ناوچەكە بەجێ بهێڵێت و مانەوەی تێیدا هەتا چەند دەیەیەكی دیكەش بەردەوام دەبێت.
ئەوەشی ڕوونكردۆتەوە، قەبارەی هێزەكانی ئەمریكا لەڕووی جۆری چەك و ژمارەی سەربازەكانەوە بەندە بەئاست و قەبارەی هەڕەشەكانەوە لەناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەم لێدوانانەی (مارك میلی) لەكاتێكدایە، حكومەتی ئەمریكا چەندین جار زەنگی ئاگاداركردنەوەی كشانەوەی سوپاكەی بۆ بەرپرسانی چەند ناوچەیەكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێداوەو لەدوایین كاردانەوەشدا سوپای ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان كشایەوەو بەڕێوەبردنی وڵات و دەسەڵاتی بە بزوتنەوەی تاڵیبان سپارد.
هاوكات بەرپرسانی عێراقیش جەخت لە چوونە دەرەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا دەكەن لەناو خاكی عێراق، بەڵام لە نوێترین پێشهاتدا قەبارەی هێزەكانی ئەمریكا لەسەر سنووری عێراق و سوریا زیادكراوە بە چەكی قورسەوە جموجۆڵەكانیان زیادی كردوە ئەوەش سەلمێنەری وتەكانی ئەو ژەنەڕاڵەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە