پەیامی کورد... لە 14 ساڵدا زیاتر لە 9 هەزار منداڵ لە عێراق کوژراون و بریندار بوون
ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی منداڵان ڕایگەیاند، لە 14 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 9 هەزار منداڵ لە عێراقدا بەهۆی شەڕەوە بوونەتە قوربانی، لە ئەو ژمارەیە 3 هەزار و 119یان گیانیان لەدەستداوە.
لەمبارەیەوە ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی منداڵان، ناسراو بە یونیسێف، لە دوایین ڕاپۆرتیدا کە ئەمڕۆ پێنج شەممە 8ی حوزەیرانی 2023 بڵاویکردووەتەوە، لەبارەی کاریگەریی شەڕ لەسەر منداڵان ڕایگەیاندووە: "لە ساڵی 2005 تا وەکوو ساڵی 2022، 315 هەزار منداڵ ڕووبەڕووی کوشتن و زیانی زۆری گیانی بوونەتەوە، لەناویاندا، 120 هەزار منداڵ لە جیهاندا کوژراون و بریندار بوون، کە 3 هەزار و 119 منداڵیان لە عێراق کوژراون".
هاوکات ڕێکخراوەکە لێکۆڵینەوەی لە 315 هەزار دۆسیەی منداڵان کردووە، ئەوانەی لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوە چەکدارییەکان لەنێوان ساڵانی 2008 تا وەکوو 2022 کوژراون یان زیانی گیانییان بەرکەوتووە، بەپێی لێکۆڵینەوەکە: "120 هەزار منداڵیان کوژراون یان برینداربوون؛ 105 هەزاریان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بە زۆر کراونەتە سەرباز، 32 هەزار و 500یان ڕفێندراون و 16 هەزاریان ڕووبەڕووی توندوتیژیی سێکسی بوونەتەوە".
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە: لە ئەو ماوەیەدا 16 هەزار هێرش کراونەتە سەر منداڵان و نەخۆشخانەکان و 22 حاڵەتی ڕێگریکردن لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆیییەکان بە منداڵان هەبووە.
هەرچی ژمارەی منداڵانی قوربانیی ڕووبەڕووبوونەوە چەکدارییەکانە، یونیسێف باسی لە ئەوە کردووە: "لە ساڵی 2005 تا وەکوو ساڵی 2022 زیاتر لە 9 هەزار منداڵ لە عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوە چەکدارییەکان بوونەتە قوربانی، 3 هەزار و 119یان کوژراون و 5 هەزار و 938یان بریندار بوون"، کە ئەمەش بە تێکڕا دەکاتە ڕۆژانە 1 منداڵ.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە