پەیامی کورد... وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێمی کوردستان دیاریدەكرێت
وتهبێژی سهرۆکایهتی ههرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شاندێکی باڵا لە سەرۆکایەتیی ھەرێم بەرنامەی زنجیرەیەک سەردانیان بۆ لای حزب و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەستپێکردوە و سەردانی ھەمو حزب و لایەنەکان دەکەن و پاش کۆکردنەوەی بیروڕاکانیان، نێچیرڤان بارزانی فهرمانی ھەرێمی بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەردەکات.
دڵشاد شەهاب، وتهبێژی سهرۆکایهتی ههرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپهری سهرۆکایهتیی ههرێم رایگەیاند، "لەسەر فەرمانی نێچیرڤان بارزانی و بەمەبەستی وەرگرتنی بیروڕا بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشهممه شاندێکی باڵا لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، بەرنامەی زنجیرەیەک سەردانیان بۆ لای حزب و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەستپێکردوە کە تیایدا بیروڕای حزب و لایەنەکانیان بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەرگرتوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ھێز و لایەنە سیاسییەکان "پێشوازییان لەو ھەنگاوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کردوە" و ئامادەییان بۆ پشتیوانیکردن لە ھەنگاوەکە و پاڵپشتیان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، نیشان داوە.
وتهبێژی سهرۆکایهتی ههرێمی کوردستان باسی لەوەشکردوە، لە دیدارەکانیاندا حزب و لایەنەکان ھەوڵەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیان لەپێناو یەکڕیزیی ناوخۆیی و یەکھەڵوێستی و یەکگوتاریی سیاسی لە ئاست پرسە چارەنوسسازەکاندا، "بە گرنگ و خەمخۆرانە وەسف کردوە".
پاش کۆکردنەوەی بیروڕاکانیان، نێچیرڤان بارزانی فهرمانی ھەرێمی بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ ھەڵبژاردن دەردەکات
سەبارەت بە ئەنجامی کۆتاییی بەرنامەی سەردانەکانیش وتی، "سەردانی ھەمو حزب و لایەنەکان دەکەین و پاش کۆکردنەوەی بیروڕاکانیان، نێچیرڤان بارزانی فهرمانی ھەرێمی بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەردەکات".
لەماوەی رابردودا پاش ئەوەی بە بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاری درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ھەڵوەشێنرایەوە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەوڵەکانی بە ئاراستەی پڕکردنەوەی بۆشاییی یاسایی لە ھەرێمی کوردستان و ئامادەسازی بۆ سازدانی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان دەستپێکرد.
سەرۆکی هەرێم کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی لە عێراق بانگھێشتکرد تا بە زوترینکات ئامادەکاری بۆ سازدانی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان بکرێت و وادەیەک بۆ سازدانی ھەڵبژاردنەکە دەست نیشان بکەن.
ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانیش لە عێراق، ئامادەییان نیشانداوە کە ئەوان لە 18ی 2ی 2024 بەدواوە توانای سەروکاریکردنی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکەیان ھەیە و بهرلەو وادەیە لە توانایاندا نییە سەروکاریی ئەو ھەڵبژاردنە بکەن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە