پەیامی کورد... کوژرانی کۆڵبەرێکی دیکە لە سنووری بانە
کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی سەقز بە ناوی ڕزگار محەممەدزادە محەمەدزادە شەوی یەکشەممە ٢٠ی خەرمانانی (١١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢)٢٧١١ لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
بەگوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕزگار محەممەدزادە تەمەن ٤٠ ساڵ و باوکی دوو منداڵ و خەڵکی شاری سەقز بووە.
سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە مەودای نزیکەوە تەقەیان لە ڕزگار کردووە و کوشتوویانە. هەروەها کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی سەقز بە ناوی سەعید کەریمی کە ئەویش خێزاندار و باوکی منداڵێکە، بریندار بووە.
تەرمی ئەم کۆڵبەرە لەلایەن خەڵکی ناوچەکە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی شاری بانە گوازرایەوە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.
بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا لانی کەم ٨ کۆڵبەر لە سنووری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە