پەیامی کورد … وەزیری بەرگریی ئەمریکا: بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە
وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و هاوئاهەنگیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 07-12-2021 بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی رۆڵی گرنگیی پێشمەرگەی لە تێکشکاندنی داعش کردووە و نووسیویەتی، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، بەتایبەتی لە بواری راوێژکاری و ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەواڵگریدا.
پشتگیریی وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە بڕیارە ئەمریکا لە 31-12-2021 کۆتایی بە رۆڵی شەڕکردنی لە عێراق بهێنێت و تەنیا لە رووی زانیاریی هەواڵگرییەوە یارمەتیی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بدات.
لە نامەکەدا وەزیری بەرگریی ئەمریکا وێڕای سوپاسی بۆ هێزی پێشمەرگە، بە رێز و پێزانینەوە یادی قوربانییەکانی پێشمەرگەی کردەوە کە لە ماوەی نزیکەی دوو هەفتەدا لە ئەنجامی هێرشەکانی داعش 22 پێشمەرگە شەهید بوون.
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، لە کۆتایی نامەکەدا نووسراوە، "پەیوەندییەکی تایبەت لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکادا هەیە لەسەر بنەمای بەها و رێزگرتنی هاوبەش. ئێمە بە خۆشحاڵییەوە، پێشوازی لە کارکردنی هاوبەشی نێوان هەردوولامان دەکەین. سوپاس بۆ پابەندبوونتان بەو هاوبەشییە گرنگەی لە نێوانماندا هەیە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە