پەیامی کورد... ڕووداوێکی هاتووچۆ لە سۆران برینداربوونی ٣٠ کەسی لێ دەکەوێتەوە
نیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕووداوێکی هاتووچۆ لەنزیک هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگ، سەر بە قەزای سۆران ڕوویدا و لە ئەنجامدا نزیکەی ٣٠ کەس بریندار بوون کە ژمارەیەکیان خوێندکار بوون.
عەبدولواحید حاجی حوسێن، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی بە میدیاکانی ڕاگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕووداوێکی هاتووچۆ لە نزیک هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگ ڕویداوە، لە ئەنجامدا تا ئێستا نزیکەی ٣٠ کەس بە برینداری گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکەمان کە ئاستی برینەکانیان جیاوازە
ئاماژەی بەوەش کرد، ڕووداوەکە لەنێوان مینی پاسێک و پاسێکی کۆستەردا ڕویداوە، کە یەکیان ژمارەیەک خوێندکاری پێ بووە و پێ دەچێت بە گەشت و سەیران لە ناوچەکە بون، خەڵکی ناوچەی خەلیفانن، ئەوی دیکەشیان ژمارەیەک پێشمەرگەی پێ بووە کە لە ئەرک گەڕاونەتەوە بۆ قەزای سۆران.
هەروەها باسی لەوەش کرد، هیچ حاڵەتێکی مردن نەبووە تا ئێستا، ئەوەی لەسەر ئێمە بوە فریاگوزارییەکانمان بۆ بریندارەکان کردووە، ئەوەی ماوە بڕیاری پزیشکە، کە ئایا چەندیان لە نەخۆشخانە دەهێڵێتەوە و چی دیکە پێویستە بۆیان بکرێت.
ئەوەشی خستە ڕوو، ئێمە وەک تەندروستی ئاگاداری وردەکارییەکەی نین، ئەرکی ئێمە چارەسەری نەخۆش و بریندارەکانی ڕووداوەکەیە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە