پێشوازی لە بڕیاری قەدەغە کردنی گواستنەوەی گەنم دەکرێت

پێشوازی  لە بڕیاری قەدەغە کردنی گواستنەوەی گەنم دەکرێت

پەیامی کورد  ...   حكوومەتی عێراق گواستنەوەی گەنمی لە نێوان پارێزگاكانی عێراقدا قەدەغە كرد، بەرپرسێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش پێی وایە، بڕیارەكە گونجاوە و دەتوانرێت لەو ڕێگەیەوە ھێنانی گەنمی بیانی قەدەغە بكرێت و تێكەڵی گەنمی پارێزگاكان نەكرێت.

دكتۆر عەبدولڕەزاق ناوەندەی ، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشكرای كرد: "حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە گواستنەوەی گەنم لە نێوان پارێزگاكانی عێراقدا قەدەغە بكرێت و ڕێگە نادرێت لەمەودووا گەنم لە پارێزگایەكەوە بۆ پارێزگایەكی دیكە بگوازرێتەوە، ئێمە وەك وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێشوازی لەو بڕیارەی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكەین".

بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی ڕایگەیاند : "لە ئێران و سنوورەكانەوە ساڵانە گەنمێكی زۆر ھاوردەی عێراق دەكرێت و بە نرخێكی زۆر ھەرزان دەخرێتە بازاڕەوە، ئەمەش كاریگەریی كردووەتە سەر نرخی گەنم لە عێراق و ھەرێمی كوردستان، بەڵام بە قەدەغەكردنی، ڕێگە لە ھاتنی گەنمی قاچاغ دەگیرێت".

دكتۆر عەبدولڕەزاق ڕوونیشی كردەوە: "ئەگەر ڕێگە لە بەرھەمی بیانی بگیرێت، ساڵانە لە كاتی وەرگرتنی گەنم لە لایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە، ڕێژەی ھەر پارێزگایەك دیار دەبێت، بەڵام پێشتر بەھۆی ھاتنی گەنم لە دەرەوە دیار نەبوو و تێكەڵاوییەك دروست ببوو".

لەبارەی وەرگرتنی گەنم لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە، ناوەندەیی دەڵێت: "ھێشتا دیار نییە و ئاگاداری وردەكاریی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ نیم، كە پشكی ھەرێمی كوردستان چەند دیاری كراوە، بەڵام دواتر دیار دەبێت چەندمان لێ وەردەگرن".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە