پەیامی کورد ... سەفین دزەیی ووتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، پەكەكە بەناوی جیاجیاوە هەوڵیداوە كردە نەشیاوەكانی خۆی پەردەپۆش بكات، بەڵام هەر گرووپێك هەڕەشە لە هەرێم و ووڵاتانی دەوروبەر بكات، لە هەرێمی كوردستاندا جێگای نابێتەوە.
دوای ئەوەی چەند كەسێك وەك "هێزی پاراستنی جەوهەریی باشوری كوردستان" ناساند و رایانگەیاند، بنكە و بارەگاكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان دەكەنە ئامانج، لەوبارەیەشەوە سەفین دزەیی ووتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، گروپەكانی سەربە پەكەكە بەناوی جیاجیا هەوڵی پەردەپۆشكردنی كردە نەشیاوەكانی خۆیان دەدەن و ئاماژەی بەوەیش كرد ئەو جۆرە گروپانە لە هەرێمی كوردستاندا جێگایان نابێتەوە.
ووتەبێژەكەی حكومەتی هەرێم بە ئاژانسی ئەنادۆڵی ووتووە "نامانەوێت هەرێمی كوردستان ببێتە بنكەیەك بۆ هەر گروپێك، كە هەڕەشە لە ووڵاتانی دراوسێ بكات، بوونی ئەو جۆرە گرووپانە لە هەرێمی كوردستان بوەتەمایەی نیگەرانی هەموولایەك، بوەتە هۆكاری ئەوەی شەڕ و پێكدادان هەبێت و زەرەر و زیان بە هاووڵاتیان و ناوچەكە بگات".
هەروەها دەڵێت "بەهۆی بوونی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان، ژمارەیەكی زۆر لە گوندەكانی سەر سنوور نەتوانراوە ئاوەدان بكرێنەوە، بۆیە هیوادارین دووبارە بیر لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بكەنەوە و كاردانەوەیەكی وا نەكەن ببێتەهۆی ناخۆشی و نەهامەتی".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە