پەیامی کورد... سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی لەگەڵ هێرشەکەی شەوی ڕابردووی هەولێر پەیامێکی بڵاو کردەوە
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئیدانەی ئەو هێرشە دەکات کە شەوی ڕابردوو کرایە سەر ڕێگای نێوان پیرمام - هەولێر.
لە بەشێکی ئەو پەیامەدا هاتووە، بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستە دەکەین کە شەوی چوارشەممە 8 لەسەر 9/6/2022 بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کرایە سەر شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و بە هۆییەوە چەند هاووڵاتییەکی سڤیل برینداربوون و چەند ئۆتۆمبێلێکیش زیانیان بەر کەوت.
ڕاشیگەیاندوە، ئێمە لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەو بڕوایەداین کە دووبارە بوونەوەی ئەم کردەوە تیرۆریستییانە زیان بە سەقامگیریی ئاسایش و دۆخی سیاسیی عێراق بە شێوەیەکی گشتی و ناوچەکە دەگەیەنێت و خزمەت بە دوژمنانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەشی کردووە، وەک هەموو جارێک پشتگیریی ئەوە دەکات کە هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان دەزگاکانی ئەمنی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق زیاتر توند بکرێن بەمەبەستی دۆزینەوەی ئەو کەس و لایەنانەی کە دەستیان لەم جۆرە هێرشانەدا هەیە، هەروەها داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکەین بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارە بوونەوەی ئەم هێرشانە، هەوڵ و هەنگاوی جددی هەڵگرن کە ئەمەش کاریگەری زۆری بۆ سەقامگیریی ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی دەبێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە