پەیامی کەرد ... سەرۆكی نوێنەرایەتی حكوومەتی ھەرێم لە بەغدا ڕایدەگەێنێت ، كوردستان كیانێكە كه تایبەتمەندیی خۆی هەیە و دەبێت بە شێوەیەكی رەسمی و دەستووری مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، ئاشكراشی دەكات، ئەمڕۆ شاندێكی سیاسی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات.
فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكوومەتی ھەرێم لە بەغدا ڕایگەیاند، محەمەد تۆفیق عەللاوی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ عێراق، لە لایەن هەردوو حیزبی سائیروون بە سەرۆكایەتی سەید موقتەدا سەدر و بینا و فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری، دیاری كراوە، ئێستاش بەشێكی شەقام رازی نییە بە كاندیدكرنی ناوبراو، بە پێی ماوەی دەستوورییش ١٥ رۆژ ماوە بۆ پێكهێنانی كابینەكەی.
عیسا، تیشكی خستە سەر ئەو بارودۆخە و رایگەیاند، كێشەكەی ئێستا ئەوەیە كە كورد و سووننە تێبینییان لەسەر عەللاوی هەیە و، بەشێكی لایەنی شیعەش تێبینییان هەیە، ناوبراو ئاماژەی بەو تێبینییە كرد و رایگەیاند، كێشەكە دیاریكردنی میكانیزمی وەزیرەكانە كە دەبێت بە تەوافوق ئەو وەزیرانە دابندرێن.
ناوبراو ئاماژەش دەدات، كورد هیچ كێشەی نییە و بارودۆخی كوردستان سەقامگیرە، هەروەها كوردستان كیانێكە كە تایبەتمەندیی خۆی هەیەو دەبێت بە شێوەیەكی رەسمی و دەستووری مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. "
سەرۆكی نوێنەرایەتی حكوومەتی ھەرێم لە بەغدا دەشڵێت، بهبێ كورد ناتوانرێت حكوومەتی تازە پێكبهێندرێت، چوونكە بێ كورد كابینەكە هیچ شەرعیەتێكی نامێنێت و لەسەر ئاستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش رێزی لێ گیراو نابێت.
فارس عیسا، زیاتر گوتی، ئەمڕۆ شاندێكی سیاسی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات، ئەو شاندەش لە لایەنە سیاسی و حیزبەكانی كوردستان پێكدێت، هاتنی ئەو شاندەش بۆ تێگەیشتنی ئالیەتی بەشداریكردنی كوردە لە كابینەی تازە و ئاڵوگۆڕییەكانی چارەسەری ئەو بارودۆخەی ئێستای عێراقە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە