پەیامی کورد... ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی پادشای نوێی بەریتانیا بەڕێوە دەچێت
لە چێوەی ڕێوشوێنە دەستوورییەکان، ئەمڕۆ ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی پادشای نوێی بەریتانیا بەڕێوە دەچێت.
دوابەدوای کۆچی دوایی شاژنە ئیلیزابێسی دووەم، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی شاهانەی بەریتانیا لە کۆشکی سانت جەیمس لە لەندەن کۆبووەوە بۆ ناساندنی چارڵزی سێیەم وەک پادشای نوێی وڵات.
چارلزی سێیەم لە وتەیەکدا لە ئەنجوومەنی شاهانە لە بەردەم دیارترین کەسایەتییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان ڕایگەیاند، درک بەو پاشخانە گەورەیە دەکات کە شاژنی کۆچکردوو جێی هێشووە، جەختیشی کردەوە لەسەر گرتنەئەستۆی «بەرپرسیارێتی قورس»، لە ڕێزگرتنی تەواوی حکومەتی دەستووری.
دواتر چارلز ڕاگەیەندراوی دەستنیشانکردنی وەک پادشای بەریتانیا واژۆ کرد.
شاژنە ئیلیزابێس (96 ساڵ) ڕۆژی پێنجشەممە کۆچی دواییکرد، پاش مانەوەی لەسەر تەختی شاهانە بۆ ماوەی 70 ساڵ.
دوێنێ چارڵزی سێیەم، پادشای نوێی بەریتانیا یەکەمین وتاری خۆی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، شازادە ویلیامی کوڕە گەورەی وەک شازادەی جێنشینی بەریتانیا و ئەمیری وێڵز ڕادەگەیەنێت.
بەڵێنی ئەوەشیدا لەسەر هەمان سیاسەت و حوکمڕانی شاژنە ئیلیزابێسی دووەم بەردەوام بێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە