پەیامی کورد... تەرمی یەکێک لەو سێ گەنجەی لە ماوەت خنکان، دۆزرایەوە
تەرمی یەکێک لە گەنجەکانی چەمی خەمەڵوکەی ماوەت دۆزرایەوە و لە ئێستادا تیمەکانی فریاگوزاری سەرقاڵی هێنانەوەی تەرمەکەن.
ئەمڕۆ شەممە ٢-٤-٢٠٢٢ کامەران حەسەن، قایمقامی ماوەت لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "تەرمی یەکێک لەو سێ کەسەی لە چەمی خەمەڵوک لە سنووری قەزای ماوەت خنکابوو دۆزرایەوە".
ئاماژەی بەوەشداوە، " شوێنەکە سەختە و داوای تیمی فڕۆکەوانیان کردووە بۆ ئەوەی بگەنە شوێنەکە و تەرمەکە بهێننە دەرەوە".
لای خۆشییەوە، هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، "قایمقامیەتی ماوەت و فەرمانگا پەیوەندیدارەکانی سنوورەکە و بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی سلێمانی و تیمی فڕۆکەوانیی و خۆبەخشان و کەسوکاری قوربانییەکان، ڕاسپێردراون و هەماهەنگی یەکترن بۆ دەرهێنانەوەی تەرمی ئەم ئازیزانە".
ئەو تەرمەی دۆزراوەتەوە تەرمی (هەڵکەوت نووری) یە کە خەڵکی هەولێرە و زاوای ئەو دوو گەنجەی تر بووە کە پێکەوە لە ئاوەکەدا خنکاون.
جێگەی باسە، ١٢ ڕۆژ لەمەوبەر، لە گوندی بەر سماق لە سنووری قەزای ماوەت سێ هاووڵاتی خنکان کە دووانیان بران و ئەوەی دیکەش زاوایانە و تەمەنیان لەنێوان ٢٥ بۆ ٣٠ ساڵیدایە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە