نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ باڵیۆزى ژاپۆن کۆبووەوە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ باڵیۆزى ژاپۆن کۆبووەوە

پەیامی کورد      ...    نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ باڵیۆزى ژاپۆن کۆبووەوە

نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان سوپاس و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ حکوومەت و گەلى ژاپۆن دووپات کردەوە کە هەمیشە لە چوارچێوەى هاوکارى و یارمەتییەکانیاندا بۆ عێراق، یارمەتی هەرێمى کوردستانیان داوە و ساڵانێکى درێژە ئاژانس و ڕێخکراوە ناحکوومییەکانى ژاپۆن لە هەرێمى کوردستان کاران و بە ئەنجامدانى کار و پرۆژەى خزمەتگوزارى لە بوارەکانى ئاو و کارەبا و ئاوەڕۆدا، هاوکاری هەرێمى کورستان دەکەن.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/3/17  نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە سووزووکى کۆتارۆ باڵیۆزى ژاپۆن لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا هاوکاری و یارمەتییەکانى ژاپۆن بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان، بەتایبەتى ئەو هاوکارییانەى لە ڕێگەى ڕێکخراوە ناحکوومییەکانى ژاپۆنەوە پێشکەش دەکرێن، برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمى کوردستان و عێراق لە گەڵ ژاپۆن، دەرفەتى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری ژاپۆنى لە هەرێمى کوردستان، لێکەوتەکانى پەتاى کۆڤید_19، هەڕەشەکانى تیرۆر، دۆخى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و چەند پرسێکى جێی بایەخى هاوبەش، تاوتوێ کران.

 باڵیۆزى ژاپۆن لە عێراق وێڕاى ستایشکردنى دۆخى ئارام و سەقامگیریى هەرێمى کوردستان، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەى بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان دەڕوانێت، هەروەها سوپاسى هەرێمى کوردستانى کرد بۆ ئه‌و ئاسانکارییانەى پێشکەش بە ئاژانسەکان و ڕێکخراوە ناحکوومییەکانى ژاپۆن دەکرێت و دووپاتى کردەوە کە وڵاتەکەى لە هاوکاریکردن و یارمەتیدانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبێت و بەپێى بوارە پێویستەکان پڕۆژە و کارى خزمەتگوزارى ئەنجام دەدات.

لە کۆبوونەوەکەدا کە خاتوو ناگایاما یۆشیکۆ بەرپرسى نووسینگەى کوسولگەریى ژاپۆن لە هەولێر ئامادەى بوو، دۆخى ئاوارە و پەنابەران خرایە بەر باس و هەردوولا هاوڕا بوون کە دەبێ ئاوارەکان بە خواست و ئارەزووى خۆیان بگەڕێنەوە شوێنەکانیان پاش ئەوەى ئارامى و خزمەتگوزارى و دەرفەتى کاریان بۆ دابین دەکرێت.

لە کۆتاییدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بەبۆنەى تەواوبوونى ئەرک و کارەکانییەوە، سوپاسى خاتوو ناگایاما یۆشیکۆ بەرپرسى نووسینگەى کونسولخانەی ژاپۆنى لە هەولێر کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە