پەیامی کورد ... ڕەشنووسی دانووستانەکانی نێوان هەیئەت تەحریر ئەلشام «هەتەشە» و هێزەکانی سووریای دیموکرات «هەسەدە» بە سەرپەرشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
بە سەرپەرشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دانوستانی چڕ لە نێوان هەردوولادا بەڕێوەدەچێت.
نوێنەری هەردوولا:
١- نوێنەری هێزەکانی SDF (بەدران جیا - ئاڵدار خەلیل)
٢-نوێنەری هەیئەت (زەید ئەلعتار)
«هەسەدە» ئەم داوایانەی لە هەیئەت تەحریر ئەلشام هەیە:
١- حکوومەتی نوێی دیمەشق دان بە ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا بنێت.
٢- حکوومەتی نوێی دیمەشق هاوکار بێت بۆ گەڕانەوەی کۆچبەرانی کورد بۆ ناوچەکان و لادێیەکانی حەلەب (تەل حاسڵ / تەل ئاران / شاری حەلەب / شاری عەفرین و لادێکانی)
ناوچەی گرێ سپی و سەرێ کانی
٣- حکوومەتی نوێ لە دیمەشق نێوەندگیری بکات بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان هێزەکانی هەسەدە و دەوڵەتی تورکیا.
٤- حکوومەتی نوێ بەڵێن بدات هێرشەکانی "سوپای نیشتمانی"ی سەر بە تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانەی ڕۆژهەڵاتی فورات کە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی (هەسەدە)دایە ڕابگرێت.
٥- بەشداریکردنی هەسەدە لە حکوومەتی داهاتوو لە دوای مانگی ٣ی ٢٠٢٥.
٦- پێدانی بەڵێن بۆ دڵنیابوون لەوەی دەستووری نوێ بۆ سووریا ئەمانەی خوارەوە لەخۆدەگرێت:
- تەنها کۆماری سووریا بنووسرێت
- دانپێدانانی دەستووری بە زمانی کوردی وەک زمانی دووەم لە ووڵاتدا.
- پێدانی مافی کولتووری و پەروەردەیی بە کورد
٧- حکوومەت بەڵێن دەدات، دوای ئەوەی کاروبارەکان سەقامگیر دەبن، سوپای تورکیا لە خاکی سووریا دووربخاتەوە.
داواکارییەکانی هەیئەت تەحریر شام لە هێزەکانی سووریای دێموکراتیک ئەمانەن:
١- داننان بە حکوومەتی سووریا لە دیمەشق و لە قەڵەمدانی ئیدارەی خۆسەر بە بەشێک لە دەوڵەتی سووریا.
٢- دوورخستنەوەی سەرجەم توخمە(عناصر) بیانییەکان (کادێرانی PKK) بۆ دەرەوەی سووریا.
٣- جیابوونەوە لە لایەنە بیانییەکان و لابردنی نیگەرانییەکانی تورکیا لەسەر ئەم پرسە.
٤- ڕادەستکردنەوەی ئەو ناوچە عەرەبییانە کە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدە دایە، کە بەم شێوەیەن:
(بەشی ڕۆژهەڵاتی لادێی دێرەزۆر لەسەر هێڵی ڕووباری فورات - شاری تەبقە و بەنداوی تەبقە - شاری ڕەقە و بەشێک لە لادێکانی)
٥- پێدانی 50%ی سامانی ناوچەی ڕۆژهەڵات (نەوت - کشتوکاڵ - سامانە سرووشتیەکانی تر) بە حکوومەت لە دیمەشق.
٦- ئازادکردنی سەرجەم زیندانیانی زیندانەکانی هەسەدە بەتایبەت عەرەبەکانی ناوچەکە
٧- ڕادەستکردنی زیندانییە بیانییەکانی داعش بە حکوومەت لە دیمەشق و هاوکاری تەواو لەم فایلەدا
٨- هەڵکردنی ئاڵای دەوڵەتی سووریا لە هەموو ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
٩- بەشداری حکوومەتی سووریا لە سەرپەرەشتیکردن بەسەر دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ دەوڵەتی عێڕاق و تورکیا لە ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر.
١٠- ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمێک بۆ ئەوەی هێزە سەربازییەکانی هەسەدە لە ڕووی کارگێڕییەوە بچنە ژێر فەرمانی سوپای نوێی سووریاوە.
تێبینی :
ئەو دوو لایەنە بەڵێن دەدەن، لە ئەگەری ڕێککەوتنی تەواو لەسەر ئەوەی پێکەوە شەڕی ئەو لایەنە شەڕخوازانە بکەن کە ڕەتیدەکەنەوە چەکەکانیان ڕادەست بکەن و بچنە ناو سوپای نوێی سووریاوە.
تا ئێستا هیچکام لە میدیاکان و سەرچاوەکانی نزیک لە هەسەدە لەسەر ئەم بابەتە نەهاتوونەتە دەنگ.
جیا لەوەش دەنگۆی ئەوە هەبوو کە هەیئەتێک لە لایەن هەسەدەوە ڕۆیشتووە بۆ دانووستان لە دیمەشق.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە