یەکێتی ئەورووپا هۆشداری دایە ڕووسیا

یەکێتی ئەورووپا هۆشداری دایە ڕووسیا

پەیامی کورد... یەکێتی ئەورووپا هۆشداری دایە ڕووسیا


نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتی ئەورووپا ڕایگەیاند، یەکێتی ئەورووپا ڕووبەڕووی هەر پێشێلکارییەک دەبێتەوە کە ڕووسیا لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بیگرێتەبەر.


جۆزێف بۆیرێڵ نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتی ئەورووپا لە تویتەری خۆی بڵاویکردەوە، گرتنە دەستی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەلایەن ڕووسیاوە شایستەیە بکرێتە درۆی نیسان.
 

ئاماژەی بەوەشداوە، یەکێتی ئەورووپا ڕووبەڕووی هەر پێشێلکارییەک دەبێتەوە کە ڕووسیا لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بیگرێتەبەر.

جۆزێف بۆیرێڵ دەشڵێت، سەرەڕای ئەوەی ڕووسیا ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، بەڵام بەردەوامە لە پێشێلکردنی کرۆکی چوارچێوە یاساییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

لەلایەن خۆیەوە، ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بەوەدا، نیگەرانە لەوەی ڕووسیا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی گرتووەتە دەست.

دەشڵێت، زۆر سەختە ئەوە بەبیرتدابهێنی کە بەڕونی ئەم گرتنە دەستی سەرۆکایەتییە لە دەستدانی تەواوی دامەزراوەیەکی وەک ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بێت.

هەروەها، سەرۆکی ئۆکراینا داوای لە کۆمەڵگەی لە نێودەوڵەتی کرد چاکسازی لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا بکرێت بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیشەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ شەممە ڕووسیا، کە یەکێکە لە پێنج وڵاتە ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنەکەی بۆ مانگی نیسان گرتە دەست و ڕووسیاش ڕایگەیاند، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوە سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی دەکات.

بڕیاریشە سبەینێ دووشەممە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی یەکەم دانیشتنی ئاسایی خۆی خولی نوێی سەرۆکایەتی ڕووسیا بەشێوەی داخراو دەستپێبکات.

کۆتاجار کە ڕووسیا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گرتە دەست لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ بوو کاتێک سوپای وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ سەر ئۆکراینا دەستپێکرد.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە